سوپای پاسداران: کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا 500 کیلۆمەتر لە گەرووی هورمز دوورکەوتوونەتەوە

گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، هاوکێشەی سەربازی لە ناوچەکە بە تەواوی گۆڕاوە و تەنانەت یەک کەشتیی جەنگیی ئەمریکاش لە کەنداودا نەماوە، ئاشکراشی کرد کە هێزە دەریاییەکانی واشنتن بە ناچاری لانیکەم 500 کیلۆمەتر لە گەرووی هورمز پاشەکشەیان کردووە.

سێشەممە 29ـی ئەیلوولی 2026، سەردار حوسێن موحێبی، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی "تەسنیم" ئاماژەی بەوە کرد، پێش گرژییە سەربازییەکانی ئەم دواییە نێوان 30 بۆ 40 کەشتی و پاپۆڕی جەنگیی ئەمریکی لە ناوچەی کەنداودا جێگیر بوون، بەڵام ئەمڕۆ دۆخەکە بە تەواوی پێچەوانە بووەتەوە.

گوتەبێژی سوپای پاسداران رایگەیاند: " ئێستا تەنانەت یەک کەشتیی ئەمریکیش لە کەنداودا نەماوە؛ تەنانەت لە بنکەی کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکاش لە بەحرەین، هیچ کەشتییەکی جەنگی یان بەلەمێکی سەربازی بوونی نییە.

موحێبی گوتیشی: "کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە ترسی لێدانەکانی ئێران، لانیکەم 500 کیلۆمەتر لە دەروازەی گەرووی هورمز دوورکەوتوونەتەوە. هەربۆیە هەڕەشەکانی ئێستای واشنتن تەنیا هەوڵێکە بۆ ئەوەی ئەم شکستە ئاشکرایەی خۆیان وەک سەرکەوتن پیشانی جیهان بدەن."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، موحێبی ئاماژەی بە پەیامەکەی دوێنێی رابەری ئێران کرد و رایگەیاند: "سوپای ئەمریکا بەم زووانە ناچار دەبێت لە دەریای عەرەبیش بکشێتەوە، چونکە سوپای ئەو وڵاتە لە بنەڕەتدا توانای بەڕێوەبردنی 'جەنگێکی درێژخایەن و بەردەوام'ی نییە و تووشی داڕمان بووە."

ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران ئاماژەی بە کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی وەک ئەبراهام لینکۆڵن و جێراڵد فۆرد کرد و گوتی: بەهۆی درێژەکێشانی شەڕ و تێچووی زەبەلاحی مانەوەیان لە ناوچەکە، تووشی داڕمان و ماندووبوونی سەربازی بوون.

گوتەبێژی سوپای پاسداران جەختی لەوە کردەوە، ستراتیژی تاران بریتییە لە چەسپاندنی "رێگریی هەمیشەیی" بە جۆرێک کە هیچ لایەنێک جورئەتی پەلاماردانی ئێرانی نەبێت.

موحێبی دووپاتی کردەوە: "ئێمە ڕێگە نادەین هێزە دەستدرێژیکارەکان لە ناوچەکەدا بمێننەوە و تا ئەو کاتەی ئەمریکا بە تەواوی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەدەرنەنێین و تێچوویەکی قورسی بەسەردا نەسەپێنین، لە هەوڵەکانمان ناوەستین."