سوپای پاسداران داوا لە ئەمریکییەکان دەکات هاوپەیمانەکانی ترەمپ لە کۆنگرێس دووربخەنەوە
سوپای پاسدارانی ئێران لە پەیامێکی فەرمیدا داوای لە دەنگدەرانی ئەمریکا کردووە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن بۆ ئەوەی هاوپەیمانانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرێس دوور بخەنەوە. ئەم هەنگاوەی تاران هاوکاتە لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەکانی عێراق، کە ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2026 دەستی پێکردووە.
قەتەر درێژە بە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی دەدات بە مەبەستی کۆتاییهێنان بەو جەنگەی حەوت مانگ لەمەوبەر لە نێوان ئێران و ئەمریکادا هەڵگیرسا. هاوکات ترەمپ دووبارە پێشبینیی ئەوەی کرد کە ئێران لە ماوەیەکی کەمدا خۆی بەدەستەوە دەدات.
سوپای پاسداران لە نامەیەکی 26 لاپەڕەییدا کە دوێنێ سێشەممە بڵاویکردەوە، هانی هاووڵاتییانی ئەمریکای داوە هێزی سیاسیی خۆیان بۆ لادانی سەرکردەکان لە پۆستەکانیان و رەتکردنەوەی پشتیوانیی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل و هەروەها کۆتاییهێنان بە دەستێوەردانی سەربازی لە دەرەوەی وڵات بەکاربهێنن.
سەرەڕای ئەوەی پێشبینی ناکرێت ئەو نامەیە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر دەنگدەرانی ئەمریکی هەبێت، بەڵام ئەو بابەتانە دیاری دەکات کە شرۆڤەکارانی سیاسیی ئەمریکا دەڵێن کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ترەمپ و پارتی کۆماری هەیە بەر لە هەڵبژاردنی کۆنگرێس کە بڕیارە 3ـی تشرینی دووەم بەڕێوەبچێت. لەو هەڵبژاردنەدا پێدەچێت دیموکراتەکان کۆنترۆڵی یەکێک لە ژوورەکانی پەرلەمان یان هەردووکیان بەدەست بهێننەوە، ئەمەش رەنگە ببێتە ئاستەنگ بۆ ئەجێندای سیاسیی ترەمپ.
لە بەشێکی نامەکەدا هاتووە "ئەو سیاسەتمەدارە خراپ و توندوتیژانە لە دەسەڵات دوور بخەنەوە کە بەرپرسن لە دۆخی ئێستای ئەمریکا. دڵنیابن لەوەی سیاسەتمەدارەکانتان تێدەگەن جیهان گۆڕاوە."
ترەمپ لە کەمپەینی هەڵبژاردنی ساڵی 2024ـدا بەڵێنی داوە خۆی لە جەنگی نوێ بەدوور بگرێت و کۆتایی بە ململانێکان بهێنێت و رێژەی هەڵاوسان دابەزێنێت، بەڵام ئەو جەنگەی لەگەڵ ئێراندا دەستیپێکرد، بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە جیهاندا و فراوانبوونی بازنەی ململانێکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
راپرسییەکی رۆیتەرز و ئێپسۆس کە 21ـی ئەیلوول بڵاوکرایەوە، دەریدەخات تەنیا 17%ـی بەشداربووان پشتیوانییان لە شێوازی مامەڵەکردنی ترەمپ لەگەڵ تێچووی ژیان کردووە، کە گرنگترین پرسە و دەنگدەران دەڵێن چارەنووسی دەنگدانەکەیان لە تشرینی دووەمدا دیاری دەکات. هاوکات تەنیا 34%ـی بەشداربووان پشتیوانییان لە هێرشکردنە سەر ئێران کردووە.
ترەمپ کە لە ساڵی 2016ـدا دژی سیاسەتی کۆمارییەکان بوو کاتێک هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراقی بە هەڵەیەکی گەورە وەسف کرد، ئەمڕۆ چوارشەممە رەزامەندیی لەسەر کشانەوەی کۆتایی لە عێراق دەربڕی، کە جۆ بایدن، سەرۆکی پێشوو لە ساڵی 2024 بڕیاری لەسەر دابوو.