خالید یەعقووبی: هیچ پاساوێک بۆ مانەوەی چەک لە دەست گرووپەکاندا نەماوە
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق رایگەیاند، دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەکانیان، سوپای عێراق توانای تەواوی هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەمنیی وڵات، بۆیە هیچ پاساوێک بۆ مانەوەی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا نەماوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ـی ئۆکتۆبەری 2026، خالید یەعقووبی، گوتەبێژی فەرمی و راوێژکاری سیاسی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیایەکی عەرەبی رایگەیاند، دانوستاندن لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان قورس و ئاڵۆز دەبێت. یاعقووبی جەختیکردەوە، چیتر هیچ پاساوێک بۆ مانەوەی چەک لە دەستی ئەو گرووپانەدا بوونی نییە.
دوێنێ چوارشەممە، عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رایگەیاندبوو، ئەرکی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رادەستی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان کراوە. زەیدی جەختیکردەوە، قۆناخی داهاتوو لەسەر بنەمای چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و دەزگا ئەمنییەکان دەبێت و دەبێت هیچ چەکێک لە دەرەوەی چەتری یاسا و دەزگاکانی دەوڵەتدا نەمێنێت.
سەرۆکوەزیران روونیکردەوە کە کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە مانای کۆتاییهاتنی جەنگ دژی تیرۆر نییە، بەڵکو هەوڵەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییە ئەمنییەکان و پاراستنی سەقامگیری بەردەوام دەبن.
سەبارەت بە پەیوەندییەکان، سەرۆکوەزیران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، هاوکارییە ئەمنییەکان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە شێوازێکی کاریگەرتر بەردەوام دەبن. ئەم هاوکارییانە تیشک دەخەنە سەر بوارە نوێیەکان کە خزمەت بە توانای ئەمنیی عێراق دەکەن و تەکنەلۆژیا دیجیتاڵییەکانیش بۆ پشتیوانیکردن لە ئاسایش دەگرێتەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی قۆناخی نوێی پەیوەندییە ئەمنییەکان لەگەڵ هاوپەیمانان دوای کۆتاییهاتنی ئەرکەکانیان.