بانکی ناوەدیی بەریتانیا هۆشداریی لە مەترسییەکانی ژیری دەستکرد دەدات

 بانکی ناوەندیی بەریتانیا رایگەیاند، لە تەممووزی رابردووەوە مەترسییەکانی پەیوەست بە هێرشە دیجیتاڵییەکان، کە بە رێگەی ژیری دەستکرد دەکرێن، بەرزبووەتەوە.

ئەمرۆ پێنجشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، لیژنەی سیاسەتی دارایی سەر بە بانکی ناوەندیی بەریتانیا روونیکردەوە، زیادبوونی رووداوە ئەمنییەکان کە پەیوەندییان بە تاقیکردنەوەکانی ژیری دەستکردەوە هەیە، پێویستیی ئامادەباشیی کۆمپانیاکانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشە دیجیتاڵییەکان زیاتر کردووە.

بەپێی دوایین کۆبوونەوەی بانکەکە، ئەو رووداوە ئەمنییانەی پەیوەستن بە تاقیکردنەوەکانی ژیری دەستکردەوە، سەرنجیان بۆ ئەو خێراییە راکێشاوە کە تەکنەلۆژیاکە پێی پەرە دەستێنێت، لەگەڵ ئەو مەترسییانەی لێیەوە سەرچاوە دەگرن، لەوانەش مەترسییە دیجیتاڵی و کارگێڕییەکان.

ئەو مۆدێلانەی ژیری دەستکرد، کە بۆ کارکردن بە شێوەیەکی سەربەخۆ راهێنراون، بە شێوازی چاوەڕواننەکراو هەڵسوکەوت دەکەن، وەک هەوڵدان بۆ دەستگەیشتن بە زانیارییە نهێنییەکانی وێبسایتەکان و تێپەڕاندنی کۆنترۆڵە ئەمنییەکان.

کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای، کە بەرهەمهێنی چات جی پی تی-یە، لە تەممووزی رابردوودا ئاشکرایکرد مۆدێلەکانیان لە کاتی راهێناندا بەبێ دەستێوەردانی مرۆیی، هێرشیان کردووەتە سەر کۆمپانیای ژیری دەستکردی هاجینگ فیس.

ئۆپن ئەی ئای و کۆمپانیا گەورەکانی دیکەی تەکنەلۆژیا وەک ئەنثرۆپیک، کە پەرە بە مۆدێلی کلاود دەدات، رووبەڕووی لێکۆڵینەوە بوونەتەوە سەبارەت بەو رووداوانەی هێرشی دیجیتاڵی کە لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا روویانداوە.