قاسم عەبوودی: عێراق قۆناخێکی نوێی هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەستپێدەکات
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی رایگەیاند، هاوبەشیی نێوان عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بووەتە هۆی گەڕاندنەوەی زیاتر لە 20 هەزار هاووڵاتیی عێراقی لە کەمپی هۆڵ. گوتیشی، عێراق ئێستا هەنگاو دەنێت بەرەو قۆناخێکی نوێی هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانان.
پێنجشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، قاسم عەبوودی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، رایگەیاند، "عێراق بە شانازییەکی گەورەوە یادی قوربانیانی خۆی دەکاتەوە کە لە هەموو ئایین و پێکهاتەکانەوە رووبەڕووی تیرۆر بوونەتەوە. ئەمە پەیامێکە بۆ پێداگری لەسەر پێویستیی خستنەپێشی دۆخی قوربانیان و پێداویستییەکانیان لە ناو ئەو هەوڵە نێودەوڵەتییانەی ئامانجیان بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و رێگریکردنە لە دووبارەبوونەوەی ئەو کارەساتانە".
سەبارەت بە دەستکەوتە ئەمنییەکان، عەبوودی گوتی: "ئەو دەستکەوتانە بەبێ قوربانیدانی عێراقییەکان و پاڵپشتیی هاوبەشەکانمان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی نەدەهاتنەدی. ئەمڕۆ ئێمە لە قۆناخی سەرکەوتن بەسەر داعش دەگوێزینەوە بۆ قۆناخی چەسپاندنی توانای عێراق بۆ رێگریکردن لە گەڕانەوەیان و بەشداریکردنی کارا لە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەدا".
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی روونیکردەوە، عێراق لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی تێچووەکانی تیرۆر و بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، لە شوباتی 2026 و بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، رەزامەندی لەسەر گواستنەوەی ژمارەیەک لە دەستگیرکراوانی داعش لە شوێنەکانی بەندکردن لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەربڕیوە. عەبوودی رایگەیاند، عێراق بە هەموو دامەزراوەکانییەوە ماوەی چەند مانگێکە کاری تایبەت دەکات و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانیش لەگەڵ 5704 کەس لەوانە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی عێراقەوە تەواو بوون، هاوکات پەیوەندی بە نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانەوە کراوە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەی هاووڵاتییەکانیان بە مەبەستی تەواوکردنی فایلەکانیان بۆ پێشکەشکردن بە دادگا تایبەتمەندەکان.
سەبارەت بە رۆڵی دادگاکان، عەبوودی جەختیکردەوە: "دەسەڵاتی دادوەریی عێراق ئەمڕۆ خاوەن ئەزموونێکی کەڵەکەبووە بەهۆی قەبارەی تەنگژەکانەوە کە هیچ دادگایەکی جیهان رووبەڕووی نەبووەتەوە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتیی دادگاییکردنی تۆمەتبارانی بیانی لە 62 رەگەزنامەی جیاواز سپاردووە بە دەسەڵاتی دادوەریی عێراق، ئەمەش متمانەی بەرزی نێودەوڵەتی بە شارەزایی و لێهاتوویی و دادپەروەریی دادگاکانی عێراق دەسەلمێنێت". ئەو بەرپرسە روونیکردەوە، عێراق مامەڵە لەگەڵ فایلەکانی تۆمەتباران دەکات بەپێی رێککەوتننامە دوولایەنەکان و تێگەیشتنەکانی نێوان عێراق و ئەو وڵاتانەی دەستگیرکراوەکان سەر بەوانن، بە پشتبەستن بە یاسا عێراقییەکان و بنەمای مامەڵەی هاوتا.
عەبوودی لە کۆتاییدا تیشکی خستەسەر ئەوەی: "چارەسەرکردنی پرسی دەستگیرکراوان ناتوانێت تەنیا بەرپرسیارێتیی یەک دەوڵەت بێت، بەڵکو پێویستی بە هاوکارییەکی بەرفراوانی نێودەوڵەتی هەیە، لە رێگەی ئەوەی وڵاتان بەرپرسیارێتیی خۆیان بەرامبەر هاووڵاتییەکانیان بزانن. ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت لە کەمکردنەوەی مەترسییە ئەمنیی و مرۆییەکان و هەروەها لە رێگەی پێشکەشکردنی پاڵپشتیی لۆجیستی و کارکردن بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵخیی زیندانەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی دەستگیرکراوان بۆ زامنکردنی مامەڵەیەکی مرۆیی کە لەگەڵ بڕگەکانی یاسای نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤدا گونجاو بێت".
لە کۆتاییدا جەختیکردەوە، حکوومەتی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سوورە لەسەر بەردەوامبوون لە پابەندبوون بەو هەوڵانەی ئامانجیان بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەویی توندوتیژە و بەهێزکردنی هاوکاریی نێودەوڵەتییە بۆ چارەسەرکردنی لێکەوتەکانی، چونکە ئەمە بەرپرسیارێتییەکی بەکۆمەڵە و پێویستی بە هەوڵی هاوبەش و ئاڵوگۆڕی بەردەوامی زانیاری و شارەزاییەکان هەیە. حکوومەت پابەندبوونی جێگیری خۆی بۆ کارکردن لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی نوێدەکاتەوە بە مەبەستی لەناوبردنی یەکجاریی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، چ وەک بیرکردنەوە و چ وەک رێکخراو، ئەویش لە رێگەی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی تەواو لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بەبێ دووفاقیی و هەڵبژاردەیی، بە نزیکبوونەوەیەکی گشتگیر کە چارەسەری رەگ و ریشەکان بکات نەک تەنیا دەرەنجامەکان، هەروەها کارکردن بە یەکەوە لە پێناو داهاتوویەکی سەقامگیرتر و ئارامتر کە بەهاکانی ئاشتی و دادپەروەری تێیدا زاڵ بن.