بەکارهێنانی یەدەگی دیزلی بەریتانیا ململانێی واشنتن و ئەوروپا قووڵتر دەکاتەوە

بەریتانیا دانوستاندنێکی بەپەلەی لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا دەستپێکردووە بۆ تاوتوێکردنی کۆگاکانی دیزلی فریاگوزاری، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ هۆشدارییدا لەوەی رەنگە فشار بخاتە سەر یەکێتییەکە بۆ ئازادکردنی یەدەگی سووتەمەنییەکەیان.

مارتن ماکلوسکی، وەزیری وزەی بەریتانیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نوێنەرانی ئێرلاند، کۆمیسیۆنی ئەوروپا، فەرەنسا و ئیتاڵیا، داواکارییەکانی وڵاتەکەی خستەڕوو بۆ ئەگەری ئازادکردنی یەدەگی دیزل، ئەمەش لە کاتێکدایە کە نرخی سووتەمەنی بە شێوەیەکی بێپێشینە رووی لە بەرزبوونەوە کردووە.

لای خۆشییەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، یەگەری هەیە داوا لە وڵاتانی ئەوروپی بکات یەدەگەکانیان بەکاربهێنن. ترەمپ لە میانەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی لە ویلایەتی تێکساس گوتی: "ئەگەری هەیە ئەوە بکەین، ئەوان بڕێک دیزلیان هەیە و نرخەکانیش بەره‌و دابەزین دەچن."

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی "رویتەرز"، ترەمپ هۆشدارییداوە بە ئەوروپییەکان کە رەنگە بڕیاری قەدەخەکردنی هەناردەی دیزلی ئەمریکییان بەسەردا بسەپێنێت.

سەرۆکی ئەمریکا رووبەڕووی فشارێکی زۆری ناوخۆیی بووەتەوە بۆ کەمکردنەوەی نرخەکان بەرەبەرەی هەڵبژاردنەکانی مانگی 11، کە بڕیار لەسەر دیاریکردنی زۆرینەی ئەندامانی کۆنگرێس دەدات. ترەمپ رایگەیاندووە کە بیر لە قەدەخەکردنی هەناردەکردنی دیزل دەکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاگاداری ئەوەیە کە بەکارهێنانی ئەو کارتە رەنگە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەرهەمەکانی دیکە.

سەپاندنی هەر قەدەخەکردنێک لەلایەن واشنتنەوە، بەریتانیا دەخاتە ململانێیەکی سەختەوە لەگەڵ وڵاتانی دیکە بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی جێگرەوە کە تێچوویەکی زۆر زیاتری دەوێت. بەریتانیا نزیکەی 55%ی پێداویستی دیزلی خۆی لە دەرەوە دابین دەکات کە نزیکەی سێیەکی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە دەهێندرێت.

پێشتریش کۆگا جیهانییەکانی دیزل روویان لە کەمی کردبوو دوای ئەوەی رووسیا، کە یەکێکە لە نێردەرە سەرەکییەکانی ئەو سووتەمەنییە، هەناردەکردنی تا مانگی 10 قەدەخە کرد. شارەزایان پێشبینی دەکەن ئەم کەمهێنانی سووتەمەنییە تا ساڵی داهاتوو بەردەوام بێت. لای خۆشییەوە ڤلادیمێر پووتین سەرۆکی رووسیا جەختی کردووەتەوە کە مۆسکۆ دیزل رەوانەی بازاڕەکانی جیهان ناکات تا ئەو کاتەی سزاکانی سەری هەڵنەگیرێن.