بە بەهای 140 ملیار دۆلار؛ ژاپۆن هەنگاو بەرەو گەورەترین ناوەندی ژیریی دەستکرد دەنێت

ژاپۆن هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە تا ببێتە گەورەترین ناوەندی ژێرخانی ژیریی دەستکرد (AI) لە جیهاندا لە دەرەوەی ئەمریکا و چین؛ لەو چوارچێوەیەشدا سێ کۆمپانیای نێودەوڵەتی ڕێککەوتنێکی زەبەلاحیان بۆ پەرەپێدانی ناوەندەکانی داتا و وێستگەکانی وزە بە تێچووی 140 ملیار دۆلار واژۆ کرد.

هەریەک لە کۆمپانیاکانی «دێڵ»، «جیرا» کە گەورەترین کۆمپانیای بازرگانیی غازە لە جیهاندا، هاوشانی کۆمپانیای «ریڵم»ی بەریتانی، رێککەوتن لەسەر دروستکردنی ناوەندێکی گەورەی داتا بە بەهای 15 ملیار دۆلار و بە توانای 400 مێگاوات لە نزیک تۆکیۆی پایتەخت، کە لەلایەن کۆمپانیای وەبەرهێنانی «ئەپۆلۆ»وە پارەدار دەکرێت و دەبێتە گەورەترین پڕۆژەی لەو شێوەیە لە ئاسیا لە دەرەوەی چین.

یوکیۆ کانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری جیهانیی کۆمپانیای «جیرا» بە ڕۆژنامەی «فاینانشیاڵ تایمز»ی راگەیاندووە "ئامانجی هەرسێ کۆمپانیاکە ئەوەیە لە ماوەی پێنج ساڵدا، ناوەندەکانی داتای ژیریی دەستکرد و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە گاز، بە توانای 3 بۆ 4 گێگاوات پەرەپێبدەن."

کانی باسی لەوەش کردووە کە خاڵی یەکلاکەرەوە "خێراییە لە دابینکردنی وزەدا"، بەتایبەت کە کۆمپانیاکەیان ساڵانە بازرگانی بە 35 ملیۆن تۆن غازی سروشتیی شلکراوەوە (LNG) دەکات، کە دەتوانرێت بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا سوودی لێ وەربگیرێت. هاوکات ئاماژەی داوە کە دروستکردنی یەک گێگاوات وزە پێویستی بە 35 تا 45 ملیار دۆلار هەیە، بەمەش کۆی تێچووی دروستکردنی ژێرخانەکە بەو قەبارەیە دەگاتە نزیکەی 140 ملیار دۆلار.

بەپێی پلانەکە، پێشبینی دەکرێت لە دەوروبەری ساڵی 2028 ناوەندی داتا و وێستگەی کارەبای پارێزگای "چیبا" لە تەنیشت تۆکیۆ بکەوێتە کار، کە بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بەبێ بەستنەوە بە تۆڕی گشتیی کارەبا کار دەکات. هەروەها کۆمپانیا بەشداربووەکان هەوڵ دەدەن مۆدێلی دروستکردنی ئەم ناوەندانە ستاندارد بکەن بە مەبەستی کەمکردنەوەی خەرجییەکان، لەگەڵ ئەگەری جێبەجێکردنی پڕۆژەی هاوشێوە لە دەرەوەی ژاپۆنیش.

ئەم پڕۆژەیە لە کاتێکدایە کە کێبڕکێیەکی جیهانیی توند بۆ دابینکردنی ژێرخانی حیساباتی پێویست بۆ تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکرد هەیە، هەرچەندە ژاپۆن ژمارەیەک کۆمپانیای گەورەی وەک "ئێن تی تی داتا" و "سۆفت بانک" لەخۆدەگرێت و کۆمپانیای "بلاکستۆن"یش نیازی وەبەرهێنانی 30 ملیار دۆلاری هەیە، بەڵام وڵاتەکە لە رووی توانای ناوەندەکانی داتاوە تا ئێستا بە جیاوازییەکی زۆر لە دوای ئەمریکا و چینەوەیە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی «دەستەی نێودەوڵەتیی ناوەندەکانی داتا»، ناوەندەکانی داتا لە ئەمریکا 29.2 گێگاوات کارەبا بەکاردەهێنن دەکاتە 43%ی بەکارهێنانی جیهانی، لە بەرامبەردا چین 8.5 گێگاوات و ژاپۆن تەنیا 1.7 گێگاوات کارەبا بۆ ئەو مەبەستە بەکاردەهێنێت.

حکوومەتی ژاپۆن ئامانجیەتی تاوەکو ساڵی 2035 بڕی 32.7 تریلیۆن یەن (نزیکەی 206 ملیار دۆلار) بە هاوبەشیی نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت، لە ژێرخانی هەوری و ناوەندەکانی داتادا وەبەرهێنان بکات، وەک بەشێک لە ستراتیژیی وڵاتەکە بۆ پەرەپێدانی سێکتەرە گرنگەکان.