نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە قەیرانی یەمەن دەدات

 بەرنامەی خۆراکی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییدا، بەردەوامیی شەڕ و پێکدادانەکان لە یەمەن، هەڕەشەی داڕمانی تەواوی ئاسایشی خۆراک لەو وڵاتەدا دروست دەکات. بەرنامەکە داوایکردووە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ خۆبەدوورگرتن لە داهاتوویەکی نادیار، ئەگەر دۆخەکە بەو ئاراستەیە بەردەوام بێت.

هەینی 2ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەرنامەی خۆراکی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لە مانگی تەممووزەوە، یەمەن شایەتیی پەرەسەندنی ململانێکانە لەنێوان حووسییەکان لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن و هێزەکانی حکوومەت سعوودیە پاڵپشتییان دەکات. حووسییەکان ریاز تۆمەتبار دەکەن بە بۆردومانکردنی ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵیاندان و لە بەرامبەردا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک ناوچەکانی سعوودیە دەکەنە ئامانج. هاوکات حووسییەکان رایانگەیاندووە گەمارۆی دەریاییان بەسەر کەشتییە سعوودییەکان لە دەریای سووردا سەپاندووە. پێکدادانەکانی ئەم دواییە بووەتە هۆی کوژرانی سەدان کەس و قووڵتربوونی قەیرانی مرۆیی.

ماسیو هۆلینگورس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یاریدەدەر بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی بەرنامەی خۆراکی جیهانی گوتی: "برسیێتی لە یەمەن ئەمڕۆ لەبەر چاوی ئێمە روو لە زیادبوونە." هۆلینگورس لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ژمارەیەک رۆژنامەنووس لە ژنێف روونیکردەوە، پەرەسەندنەکانی ئەم دواییە هەڕەشەی داڕمانی تەواوی ئاسایشی خۆراک لە وڵاتەکەدا دەکات.

هۆلینگورس گوتی: "ئێمە کار لەسەر فراوانکردنی مەودای ئۆپەراسیۆنەکانمان دەکەین، بەڵام سەرچاوەکانمان زۆر سنووردارن و بە سەختی دەتوانین بگەینە هەندێک ناوچە." ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییدا کە قەیرانەکە لەوانەیە لە سنوورەکانی یەمەن تێپەڕێت.

لە 11ـی ئەیلوولدا، حووسییەکان پاش کشانەوەی هێزەکانی حکوومەت بەهۆی شەڕێکی قورسەوە، کۆنترۆڵکردنی گەرووی باب مەندەبیان تەواوکرد و دواتر دەستیان بەسەر کەناراوەکانی رۆژئاوای یەمەندا گرت. پەرەسەندنەکان کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر توانای هاووڵاتییانی یەمەن داناوە، کە ژمارەیان 35 ملیۆن کەسە، بۆ دابینکردنی خۆراکەکەیان، بەشێوەیەک سێ خێزان لە هەر چوار خێزان نەیانتوانیوە پێداویستییە سەرەکییەکانی خۆراکیان دابین بکەن.

هۆلینگورس گوتی: "قەیرانی برسیێتی تەنیا لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی." ئەو بەرپرسە رایگەیاند، نرخی ماددە خۆراکییەکان بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە. یەمەن بەشێوەیەکی بەرچاو رووبەڕووی کاریگەرییەکان دەبێتەوە، چونکە نزیکەی 90%ـی پێداویستییە خۆراکییەکانی هاوردە دەکات.

بە گوتەی هۆلینگورس، زۆرێک لە خێزانەکان دوای چەند رۆژ رێکردن بەبێ خۆراک و ئاو دەگەنە شارەکان، لە کاتێکدا هەندێکی دیکەیان پشت بە نان یان شۆربایەک دەبەستن لەو پێکهاتانەی دەستیان دەکەوێت دروستی دەکەن، لەوانەش گەڵا و رووەکە کێوییەکان لە زەوی دەیانچنن. پێش سەرهەڵدانەوەی شەڕ، بەرنامەکە هاوکاریی زیاتر لە 1.5 ملیۆن کەسی لەو ناوچانە دەکرد لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتدا بوون، بەڵام ئێستا بە سەختی دەتوانێت بگاتە ئەو ناوچانەی نزیک هێڵەکانی بەرەنگاربوونەوەن.

هۆلینگورس ئەوەشی خستەڕوو کە رێگری لە گەیشتنیان بە نزیکەی 350 هەزار کەس کراوە پێشتر هاوکارییان پێشکەش دەکردن. ئەو بەرپرسە جەختیکردەوە: "بەبێ تەرخانکردنی بودجەی زیاتر، لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا کۆگاکان و ئەو پارانەمان بەکۆتا دێت بۆ هاوکاریکردنی ئاوارە نوێیەکان و ملیۆنان کەس تەرخانکراون، بەرنامەی خۆراکی جیهانی بە لای ئەوانەوە وەک رەگێکی ژیان وایە."

سەبارەت بە داهاتووی دۆخەکە، هۆلینگورس گوتی: "ئەگەر جیهان بەخێرایی بۆ یارمەتیدانی یەمەن نەجوڵێتەوە، ئەوا داهاتووەکە زۆر تاریک دەبێت." بەرنامەی خۆراکی جیهانی جەختیکردەوە، پێویستی بە 109 ملیۆن دۆلارە بۆ دابینکردنی هاوکاریی خۆراکیی بەپەلە بۆ نزیکەی 1.5 ملیۆن کەس بەهۆی پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەوە زیانیان پێگەیشتووە، هەروەها پێویستی بە 158 ملیۆن دۆلارە بۆ دابینکردنی ئۆپەراسیۆنە ئاساییەکان 2.4 ملیۆن کەس تا مانگی ئاداری 2027 دەگرێتەوە.