هاوپەیمانی نێودەوڵەتی: لە پشتگیریکردنی عێراق بەردەوام دەبین

وێنەی کۆبوونەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە رۆما
وێنەی کۆبوونەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە رۆما

ئەمڕۆ شەممە، 3ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وردەکاریی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە رۆما، پایتەختی ئیتالیا ئاشکراکرد، کە تێیدا جەخت لە بەردەوامبوونی پشتگیریکردنی عێراق کرایەوە دوای کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنی "ئیرادەی پۆڵایین".

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کۆبوونەوەکەی رۆما لە ئاستی بەرپرسە سیاسییەکان و باڵاکانی دیپلۆماسی و بە سەرۆکایەتی و بەشداریی راستەوخۆی ئەمریکا بەڕێوەچوو.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پیرۆزبایی لە عێراق و سووریا کردووە بە بۆنەی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنی ئیرادەی پۆڵایین لە لاوازکردنی داعش، ئەندامانی هاوپەیمانییەکە کۆتاییهاتنی مۆڵەتی ئەم ئۆپەراسیۆنەیان لە عێراق بە سەرکەوتنێکی راستەقینە بۆ هەوڵە هاوبەشەکانیان و بۆ سووربوونی حکوومەتی عێراق لەسەر جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتییەکان بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی داعش نەتوانێت تواناکانی خۆی سەرلەنوێ دروستبکاتەوە، لە قەڵەم دا.

راگەیەندراوەکە روونیکردەوە، بەدیهێنانی ئارامییەکی بەردەوام لە هەردوو وڵاتدا پشت دەبەستێت بە بەهێزکردنی دامەزراوە سەروەر و گشتگیرەکانی دەوڵەت، کە توانای نوێنەرایەتیکردن و پاراستنی سەرجەم پێکهاتەکانیان هەبێت، ئەمەش بە شێوازێک دەبێت کە رێگەیان پێبدات بە یەکسانی بەشداریی لە نەخشەڕێگەی داهاتووی وڵاتەکەیان بکەن.

بەشداربووان دووپاتیانکردەوە کە هاوپەیمانییەکە دەبێتە ئامرازێک بۆ پتەوکردنی سەقامگیریی عێراق و سووریا. هەروەها جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە پشتگیرییە نێودەوڵەتییەکان سەرنجیان لەسەر بەرزکردنەوەی توانای هەردوو وڵات بێت بۆ لێدان لە داعش و رێگریکردن لێی.

ئەندامانی هاوپەیمانییەکە ئامادەیی خۆیان بۆ کارکردنی نزیک لەگەڵ هەردوو حکوومەتی سووریا و عێراق بە ئامانجی بەدیهێنانی ئەم ئامانجانە دەربڕی، ئەوان بەڵێنی داراییان بە بڕی زیاتر لە 75 ملیۆن دۆلار بۆ پشتیوانیکردنی پێداویستییەکانی دژە تیرۆر لە سووریا، زیادکردنی تواناکانی زیندانەکان، باشترکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و ئاوەڕۆ، هەروەها پشتگیریکردنی ئاوارە و دەستگیرکراوان لە هەردوو وڵاتدا راگەیاند.

لە بەرامبەردا، عێراق دووپاتی کردەوە کە بەردەوام دەبێت لە رۆڵی سەرکردایەتیکردن لە تێکشکاندنی داعشدا.

چوارشەممەی رابردوو، محەممەد فالح زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆتایی فەرمیی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی لە وڵاتدا راگەیاند و سوپاسی وڵاتانی هاوپەیمانیی کرد بۆ پشتگیریکردنی هێزە ئەمنییەکان لە قۆناغی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.

هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، 30ـی ئەیلولی رابردوو، کشانی دوایین هێزەکانی ئەمریکای لە عێراق راگەیاند. ترەمپ جەختی لە پێویستی گەڕانەوەی ئەمریکییەکان بۆ وڵاتەکەیان کردەوە و هاوکات پێشوازی لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و وەسفی کرد وەک کەسایەتییەکی ناوازە کە لە سەرەتاوە پاڵپشتیی کردووە.