هەناردەی ئوردن بۆ عێراق بە رێژەی 20% بەرز بووەتەوە
ئەمڕۆ شەممە، 3ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاماری ئوردن بڵاویکردەوە، لە حەوت مانگی یەکەمی ساڵی 2026دا بەهای هەناردەکردنی ئەو وڵاتە بۆ عێراق بە رێژەی 20.4%ـی بەرزبووەتەوە، لە بەرامبەردا هاوردەکردنی کاڵا لە عێراقەوە بە رێژەی 56.6%ـی دابەزیوە.
بەپێی ئەو داتایانەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاماری ئوردن بڵاویکردووەتەوە، هەناردەکردنی ئوردن بۆ عێراق لەو ماوەیەدا گەیشتووەتە 632 ملیۆن دیناری ئوردنی، لە کاتێکدا ئەو بڕە لە هەمان ماوەی ساڵی 2025دا 525 ملیۆن دینار بووە.
لە بەرامبەردا، بەهای هاوردەکردنی ئوردن لە عێراقەوە دابەزینی بەخۆوە بینیوە، بەجۆرێک لە حەوت مانگی یەکەمی ساڵی 2026دا گەیشتووەتە 43 ملیۆن دیناری ئوردنی، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوودا ئەو بڕە 99 ملیۆن دینار بووە.
بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەوە، قازانجی بازرگانیی ئوردن لەگەڵ عێراق لە نزیکەی 426 ملیۆن دیناری ئوردنی لە حەوت مانگی یەکەمی ساڵی 2025دا، بۆ نزیکەی 589 ملیۆن دینار لە هەمان ماوەی ساڵی 2026دا بەرزبووەتەوە.