سوپای پاسداران: ئەمریکا درۆنێکی ئێمەی کۆپیکردووە

دوو بەرپرسی باڵای سەربازی لە سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشە لە واشنتن دەکەن و رایدەگەیەنن، کۆگاکانی چەک و مووشەکی وڵاتەکەیان پڕن و دەتوانن تا هەرکاتێک پێویست بێت درێژە بە جەنگ بدەن. هاوکات بانگەشەی ئەوە دەکەن کە تەکنۆلۆژیای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران گەیشتووەتە ئاستێک کە ئەمریکاش چاوی لێکردوون، و هەر هێرشێکی نوێی ئەمریکاش بۆ سەر ئێران بە خۆکوژی ناوزەند دەکەن.

شەممە 3ی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی بەلالی، راوێژکاری باڵای فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی ئێران، لە لێدوانێکدا پێداگریی لەسەر توانای بەرگری و سەربازیی تاران کرد و رایگەیاند، سەرجەم کەرەستە و پێداویستییەکانی کەرتی مووشەکی لە ناوخۆی ئێراندا بەرهەمدەهێنرێن و هێڵەکانی دابینکردن بەبێ وەستان کار دەکەن؛ تەنانەت وڵاتەکەی توانای هەناردەکردنی ئەو چەکانەشی هەیە.

عەلی بەلالی باسی لە پێشکەوتنی درۆنەکانی وڵاتەکەی کرد و گوتی: تەکنۆلۆژیای فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانمان گەیشتووەتە ئاستێکی هێندە باڵا کە تەنانەت ئەمریکییەکان درۆنی (شاهید 136)ی ئێمەیان کۆپیکردووەتەوە. ئێستا ئەمریکییەکان بەهۆی کەمیی یەدەگی مووشەکی بەرگریی ئاسمانییەوە هاواریان لێ بەرزبووەتەوە، بەڵام ئێمە لە دۆخێکی لەو شێوەیەدا نین و بەتەواوی ئامادەین تا ئەو کاتەی پێویست بێت درێژە بە جەنگ بدەین.

لەلایەکی دیکەوە، محەمەدڕەزا نەقدی، راوێژکاری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، هۆشداریی دایە کۆشکی سپی لە ئەنجامدانی هەر سەرکێشییەکی سەربازی و گوتی: ئەگەر بەرپرسانی ئەمریکا لەسەر بنەمای لێکدانەوەی عەقڵانی و بەرژەوەندییەکانی خۆیان بڕیار بدەن، هەرگیز دەست بۆ هێرشکردنە سەر ئێران نابەنەوە.

نەقدی لە درێژەی قسەکانیدا هێرشی توندی کردە سەر دەسەڵاتدارانی واشنتن و ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا لە ناوچەکەدا گەیشتووەتە بنبەست و تووشی داماوی بووە؛ بەو پێیەش کەسی داماو و شکستخواردوو هەموو ئەگەرێکی لێ چاوەڕوان دەکرێت، گوتی: لەوانەیە بەرپرسانی ئەمریکا پەنا بۆ هەنگاوێکی لەو شێوەیە ببەن، بەڵام پێویستە بزانن هەر هێرشێک بۆ سەر ئێران، بە واتای خۆکوژیی تەواوەتی دەبێت بۆ خودی ئەمریکا.