لە سبەینێوە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان ئێران و عێراق دەستپێدەکەنەوە
سەرۆکی دەستەی فڕۆکەوانیی شارستانیی ئێران رایگەیاند، لە سبەینێوە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان ئێران و عێراق لەلایەن کۆمپانیا و هێڵە ئاسمانییە ئێرانی و عێراقییەکانەوە دەستپێدەکەنەوە.
شەممە 3ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرۆکی دەستەی فڕۆکەوانیی شارستانیی ئێران رایگەیاند، دوای هەماهەنگییەکان لەنێوان تاران و بەغدا، بڕیار دراوە لە سبەینێوە گەشتە راستەوخۆکانی فڕۆکەوانی بۆ گواستنەوەی گەشتیاران لەنێوان فڕۆکەخانەکانی هەردوو وڵات بە فەرمی دەستپێبکەنەوە و بەپێی خشتەی ئاسایی گەشتەکان بکرێن.
هاوکات فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف رایگەیاند، سبەی یەکشەممە گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ ئێران دەستپێدەکەنەوە. بڕیارە رۆژانە 3 گەشتی ئێواران ئەنجام بدرێن.
بەپێی بەیاننامەی فڕۆکەخانەکە، سبەی یەکشەممە ژمارەیەک گەشتی ئاسمانیی ئێرانی دوای راگرتنێکی چەند رۆژە دەستپێدەکەنەوە.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، پێشبینی دەکرێت جووڵەی گەشتە ئێرانییەکان بەپێی خشتەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی، لە رۆژانی داهاتوودا بەشێوەیەکی قۆناخ بە قۆناخ و هەڵکشاو روو لە زیادبوون بکات.

ئەم بڕیارەی ئێران لە کاتێکدایە، هەینی 2ـی تشرینی یەکەمی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە پۆستێکدا لە پلاتفۆڕمی ئێکس، نووسیویەتی: "لە واشنتن لەگەڵ سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا کۆبوومەوە و ژمارەیەک دۆسیەی پەیوەندیدار بە پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا و پێشهاتە ئابووری و ئەمنییەکانی ناوچەکە تاوتوێکرد".
وەزیری دەرەوەی عێراق روونیکردەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە سزاکانی سەر ئێران و کاریگەرییە ئەگەرییەکانیان لەسەر عێراق کراوە. فوئاد حوسێن رایگەیاند، بە قووڵی کاریگەریی سزاکانی سەر فڕۆکەخانەی نەجەف تاوتوێکراوە، بەو پێیەی فڕۆکەخانەکە تایبەتمەندییەکی گرنگی بۆ عێراق هەیە.
هەروەها فوئاد حوسێن جەختیکردەوە، سکۆت بیسێنت داواکارییەکەی عێراقی قبووڵکرد و رەزامەندی دەربڕی لەسەر بەدەرکردنی گەشتەکانی تایبەت بە سەردانی شوێنە پیرۆزەکان لە سزاکان.
لە کۆتاییدا، وەزیری دەرەوەی عێراق دەستخۆشی لە تێگەیشتنی حکوومەتی ئەمریکا و وەزارەتی گەنجینە کرد بەرامبەر بە گرنگی رێزگرتن لە ئازادی ئایینی و ئاسانکاریکردن بۆ گەیشتنی سەردانیکەران بۆ شوێنە پیرۆزەکان و دەستپێکردنەوەی گەشتەکان بۆیان، بە جۆرێک کە رەنگدانەوەی بەها هاوبەشەکانی لێبوردەیی بێت و پشتگیری لە بنیاتنانی هاوبەشییەکی عێراقی-ئەمریکی بکات لەسەر بنەمای رێزگرتن و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بێت.