عەبدولحەکیم خەسرەو: عێراق هۆکاری جێبەجێنەکردنی سیستمی ئەسیکۆدایە
عەبدولحەکیم خەسرەو: کار بۆ هاوتاکردنی مووچەی پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عێراق دەکەین
سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ڕایگەیاند، بەغدا هەمیشە ڕێگری لە پڕچەککردنی پێشمەرگە و دابینکردنی سیستەمی بەرگری کردووە و تاوەکوو ئێستاش لە قەناعەتپێکردنی گرووپە چەکدارەکان بۆ دانانی چەک سەرکەوتوو نەبووە؛ ئاشکراشی کرد کە کار بۆ هاوتاکردنی مووچەی پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عێراق دەکرێت و بۆ مانگی داهاتووش سەرجەم پێشمەرگە لە ڕێگەی هەژماری منەوە مووچە وەردەگرن.
شەممە 3ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون میوانی باسی رۆژی کوردستان24 بوو کە لەلایەن ژینۆ محەممەد پێشکەش دەکرێت، لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان گوتی: بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەیەکی وەکوو داعش کە سنوورەکان دەبرێت کاریگەری لەسەر عێراق، سووریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەیە زۆر گرنگ بوو؛ هەروەها لە پاراستنی هەرێمی کوردستان کاریگەریەکی ئەرێنی هەبوو.
عەبدولحەکیم خەسرەو ئاماژەشی دا، ئەمریکا لە پاراستنی بنکەکانی و هاوپەیمانان و بەرژەوەندییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام دەبیت، بەڵام بە ستراتیژ و گۆڕانکارییەکی جیاواز.
گوتیشی: ئێستا هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان رەتییان کردووەتەوە چەکەکانیان دابنێن و لە رابردووش دا چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر هەرێم و دەرەوەی عێراقیش؛ بۆیە لە داهاتوودا رووبەڕووی ئاڵنگارییەکی جددی دەبێتەوە؛ بەتایبەت کە هەڕەشەی داعش بەردەوامە، بۆیە دەبێت هێزەکانی عێراق پەرە بە هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ پێشمەرگە بدات، بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی کەم بکاتەوە.
سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە بارەی ئەوەی بۆچی هێزی پێشمەرگە خاوەنی سیستمی بەرگریی نییە، باسی لەوە کرد، حکوومەتی عێراق هەمیشە رێگری لە پڕچەککردنی هێزەکانی پێشمەرگە کردووە لە چوارچێوەیەش سیستەمی بەرگریی، هەروەها تاوەکوو ئێستا هەرێمی کوردستان لەو بوارەو تەمویل نەکراوە، بەڵام هەولێر و بەغدا لەوبارەوە لە گفتوگۆدان.
عەبدولحەکیم خەسرەو هەر لەوبارەوە گوتی: من پێم وایە عێراق بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ سیستەمی بەرگریی پێشکەوتوو و بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان ئامادە نییە.
لەبارەی ئەوە ئایە گرووپە چەکدارەکان سوود لە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان دەبنین؛ گوتی: هێزەکانی هاوپەیمانان کە لێرەشبوون کەمترین چالاکییان دژی گرووپە چەکدارەکان هەبوو، ئەوان بۆ هەڕەشەی داعش و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان لێرەبوون، هاوکات هێزەکانی هاوپەیمانان پرسی گرووپە چەکدارەکانی بە کێشەییەکی ناوخۆ دەبینی.
هەروەها باسی لەوە کرد، لە بەرامبەردا هێزە عێراقییەکان پرسی گرووپە چەکدارەکان بە کێشەیەکی ناوخۆ دەبینی و چەندین جار دووپاتییان کردووەتەوە، کە نابێت عێراق ببێتە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، بەڵام تاوەکوو ئێستا لە قەناعەت پێکردنی گرووپە چەکدارەکان بۆ دانانی چەک سەرکەوتوو نەبوونە؛ گوتیشی: ئەو دۆخە ئەمنییەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگی ئێران کاریگەری لەسەر پرسی چەککردنی گرووپەکان هەیە.
یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە
سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون سەبارەت بە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، گوتی: یەکێک لە بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەم، یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بوو، ئێستا لە چوارچێوەی یاسایی چاکسازی هێزەکان یەکخراوەنەتەوە، کە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرۆکی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بوو.
عەبدولحەکیم خەسرەو باسی لەوەش کرد، دێدگای سەرۆک بارزانی هەمیشە ئەوە بوو هێزێکی پێشمەرگەی یەکگرتوومان هەبێت؛ هاوکات هەڵوێست و رۆڵی هەموولایەن بۆ ئەو بابەتە ئەرێنی بوو و هاوکار بوو.
سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون راشیگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ هاوتاکردنی مووچەی پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عێراق دەکات؛ هاوکات کار بۆ بەدیهێنانی هەموو شایستە داریی و مافەکانی پێشمەرگە لە بودجەی 2027 دەکەین؛ بۆ ئەمەش پێویستمان بە نزیکە 900 ملیار دینار هەیە.
لەبارەی بڕینی هاوکارییەکانی ئەمریکا گوتی: مووچەی پێشمەرگە جێگیرە هاوکات چونکە بڕەکەی کەمبوو، کاریگەری وای نابێت، هەروەها بۆ حکوومەت بەرنامەی بۆ پڕکردنەوەی هەیە.
عەبدولحەکیم خەسرە باسی لەوەش کرد: 148 هەزار میلاکی پێشمەرگەمان هەیە، لە مانگی رابردوو، نزیکەی 142 هەزار پێشمەرگە بە هەژماری من مووچەیان وەرگرتووە، بۆ مانگی داهاتوو هەموویان لە رێگەی هەژماری من مووچە وەردەگرن.
دەستکاریکردنی ئەنجامی سەرژمێری زوڵمە
سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا سەبارەت بە کۆبوونەوەی شاندەکانی هەرێم و عێراق ئاماژەی دا، وەزارەتی دارایی عێراق نەیتوانیوە خۆی لەگەڵ سیستەم ئێستا وڵات بگونجێنێت و تاوەکوو ئێستا بە شێوەیەکی مەرکەزی کار دەکات.
سەبارەت بە بەشە بودجەی هەرێم عەبدولحەکیم خەسرەو گوتی: کار نەکردن بە ئەنجامی سەرژمێری و دەستکاری کردنی لەلایەن عێراق و دەستنیشانکردنی 12.7% زوڵمە؛ هەروەها سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە فەرمی حکوومەتی عێراقی ئاگەدار کردووەتەوە، کە بە دەستکاری کردنی ئەنجامی سەرژمێری رازی نین.
هاوکات ئاماژەی دا، ئینفاقی فیعلی بە بڕیاری دادگای ناوەندی بابەتێکی نایاساییە، بۆیە بە نووسراوی فەرمی داوامان لە حکوومەتی عێراق کردووە، دانانی بودجە لە چوارچێوەی یاسا بێت.
سەبارەت بە داواکاری عێراق بۆ هەرێم سەبارەت بە بەرهەمهێنانی بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا باسی لەوە کرد، هەولێر و بەغدا لەوبارەوە لە گفتوگۆ بەردەوامن، هاوکات حکوومەتی هەرێم گشت بڕگە و ماددەکانی یاسای نەوت و گازمان ئامادە کردووە و رادەستی حکوومەتی عێراقمان کردووە.
لەبارەی جێبەجێ نەکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا، گوتی: عێراق خۆی بۆ جێبەجێنەکردنی سیستمی ئەسیکۆدا هۆکارە و ئامادە نییە، بە پێچەوانەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە تەواوی ئامادەیە و هەموو ئەرکەی خۆی جێبەجێ دەکات.