ئێران بۆ ئیمارات: دراوسێ دەمێنێتەوە و میوان دەڕوات، ئاسایشی هاوردەکراویش بەسەردەچێت
راوێژکاری رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی، لە پەیامێکی تونددا رەخنەی لە هەڵوێستی دەسەڵاتدارانی ئیمارات گرت سەبارەت بە پرسی سێ دوورگەکەی کەنداو و هۆشداریی دا کە "ئاسایشی هاوردەکراو مێژووی بەسەرچوونی هەیە".
شەممە 3ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی ئەکبەر ویلایەتی، راوێژکاری رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە سۆشیاڵ میدیای "ئێکس" هێرشی کردووەتە سەر هەڵوێستەکانی ئەبو زەبی و نووسیویەتی: "دراوسێ دەمێنێتەوە و میوان دەڕوات، دەوڵەتێک کە تەمەنی سیاسی ناگاتە نیو سەدە، لەسەر مینبەری نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بانگەشە بۆ ئەو دوورگانە دەکات کە لە بەڵگەنامە و نەخشە مێژووییەکانی سەدەکانی رابردوودا بە ناوی ئێرانەوە تۆمار کراون".
راوێژکاری رێبەری ئێران جەختیکردەوە، "جوگرافیا بە راگەیەندراو ناگۆڕدرێت، هەر سێ دوورگەی تەنبی گەورە، تەنبی بچووک و ئەبو موسا بە درێژایی مێژوو بەشێک بوون لە ئێران و بە ئێرانیش دەمێننەوە".
ویلایەتی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا رەخنەی لە پەیوەندییەکانی ئیمارات لەگەڵ ئیسرائیل گرت و رایگەیاند: "تەنیا یەک هەفتە دوای پێشوازییەکی گەرم لە بنیامین ناتانیاهۆ، قسەکردن لەسەر مافەکانی عەرەب و پشتیوانیی ئیسلامی پێش ئەوەی داواکاری بێت، دژبەرییەکی ئاشکرایە، ئێستاشدا رای گشتی لە قاهیرەوە تا بەیرووت حوکم لەسەر ئەم دووفاقییە دەدات".
لە کۆتایی پەیامەکەشیدا، وەلایەتی روونیکردەوە، ئەزموونی ناوچەکە سەلماندوویەتی ئەو دەوڵەتانەی کە ئاسایش و سەقامگیریی خۆیان بە واشنتن و تەلئەبیب سپاردووە، لە ئاکامدا لە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکییاندا تووشی سەرلێشێوان دەبن و بە تەنیا بەجێدەهێڵرێن.