حووسییەکان بە مووشەک هێرشیان کردە سەر کۆمپانیای ئارامکۆ
گوتەبێژی سەربازیی بزووتنەوەی ئەنسارولڵا (حووسییەکان) لە یەمەن رایگەیاند، لە رێگەی ژمارەیەک مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، دامەزراوەکانی کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆیان لە ریازی پایتەختی سعوودی کردووەتە ئامانج.
شەممە 3ـی تشرینی یەکەمی 2026،یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکانی یەمەن رایگەیاند: "ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرکەوتوویی ئامانجەکانی خۆی پێکاوە و لێدانەکان ورد و راستەوخۆ بوون، بوونەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە شوێنە بەئامانجگیراوەکاندا".
گوتەبێژی حووسییەکان روونیکردەوە، ئەم هەنگاوە وەڵامێک بووە بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی سعوودیە بۆ سەر سەنعای پایتەخت و پارێزگاکانی دیکە، بە گوتەی ئەو لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا گەیشتووەتە 60 هێرشی ئاسمانی و مووشەکی، و کۆی گشتیی هێرشەکانی هاوپەیمانیش لە سەرەتای هەڵکشانی نوێی گرژییەکانەوە گەیشتووەتە هەزار و 410 بۆردومان.
ئەم راگەیەندراوەی حووسییەکان لە کاتێکدایە، تورکی مالیکی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعوودیە، هەینی رایگەیاندبوو، هێزەکانیان سێ مووشەکی بالیستییان بەرپەرچداوەتەوە و تێکشکاندووە کە لەلایەن حوسییەکانەوە ئاراستەی پارێزگای خەمیس مشەیت کرابوون. هەروەها رۆژێک پێشتریش سعودیە تێکشکاندنی دوو مووشەکی بالیستیی لە خەمیس مشەیت و جازان، لەگەڵ چوار درۆن لە ئاسمانی خەمیس مشەیت راگەیاندبوو.
ئەم هێرش و بەرپەرچدانەوانە لە چوارچێوەی قووڵبوونەوەی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ریاز و حووسییەکاندایە، کە لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا بە زنجیرەیەک پەلاماری مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە نێوان هەردوولادا هەڵکشانی بەخۆوە بینیوە.