قالیباف: کردنەوەی گەرووی هورمز بە جێبەجێکردنی حەوت مەرجەکە بەستراوەتەوە
محەمەدباقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، تا ئەو کاتەی حەوت مەرجەکەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد جێبەجێ نەکرێن، گەرووی هورمز ناکرێتەوە و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لەسەر بنەمای بانگەشەی بەرپرسانی ئەمریکی، ئاسایشی نەتەوەیی خۆی بە رێک ناخات.
قالیباف لە وتاری دەستپێکردنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ یەکشەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2026ـی پەرلەمانی وڵاتەکەی، وتاری کۆبوونەوەکەی بە نزیکبوونەوەی سێیەم ساڵیادی هێرشەکەی چەکدارانی حەماس بۆ ئیسرائیل دەستپێکرد، گوتی: "داستانی مێژوویی حەوتی ئۆکتۆبەر، خاڵێکی ریشەیی وەرچەرخانی مێژووی ناوچەکەیە موجاهیدە بوێرەکانی فەڵەستین بڕیاریان دا بە شەرەف و شکۆوە بوەستنەوە و وەهمی ئاسایشی پووچی ئیسرائیل بکەن بە ترس و تۆقانێکی، بەمەش پایەی بەهێزی ئاسایشی نەتەوەیی رژێمی ئیسرائیل هەرەسی هێنا".
لەبارەی دۆخی جەنگ و دانوستانەکانی نێوان تاران و ئەمریکا، قالیباف گوتی "ئەمریکا و ئیسرائیل لە بەرامبەر خۆڕاگری گەلی ئێراندا دەستەوەستاون. ئەمریکییەکان لە راگەیاندنەکاندا قسەیەکی دیکە دەکەن، ئەم دواییانە لە رێگەی نێوەندگیرەوە پێشنیازگەلێکیان خستووەتەڕوو، بەڵام دەبێت درک بەوە بکەن کە سەردەمی کاتکوشتن و سەپاندنی داواکاریی یەکلایەنەکان بەسەرچووە و هەڵوێستی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر روون و یەکلاکەرەوەیە، تا ئەو کاتەی حەوت مەرجەکەمان لەسەر بنەمای یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد جێبەجێ نەکرێن، گەرووی هورمز ناکرێتەوە."
گوتیشی "بۆ ئەوەی رای گشتیی ناوخۆ و جیهان چەواشە بکەن، لە پاڵ گوشاری ئابووری و هەنگاوە سەربازی و ئەمنییەکان، هەڕەشەکانیان زیاد کردووە، بە جۆرێک کە هەندێکجار لە رۆژێکدا چەندان قسەی دژبەیەک دەکەن. ئەمە تایبەتمەندیی گۆڕەپانی جەنگی دەروونییە، کە تێیدا دوژمن رۆژێک هەڵوێستی دانوستان و رێککەوتن دەنوێنێت، رۆژێکی دیکە هەڕەشەی جەنگ و وێرانکاری دەکات، کەچی دواتریش بانگەشەی نێوەندگیری و ئاشتەوایی دەکات."
قالیباف بڕوای وایە ئامانجی ئەمریکا لەم دژبەیەکییە پلانێکە بۆ سەرلێشێواندنی دەروونییە لە نێو کۆمەڵگەی ئێران و تێکدانی سەقامگیریی بڕیاردانی بەرپرسان و گۆڕینی ستراتیژی، گوتیشی "بەڵام خەیاڵیان خاوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران وڵاتێک نییە کە سیاسەتی گشتی و ئاسایشی نەتەوەیی بە تویت یان چاوپێکەوتنە رۆژانەکانی بەرپرسانی ئەمریکی رێکبخاتەوە، ئێمە رەفتار و کردەوەی راستەقینەی دوژمن دەکەینە بنەمای کارکردن، نەک قسەی بێبنەما و دووفاقییە درۆینەکانی نێو راگەیاندنەکان."
قالیباف رایگەیاند "چەندینجار گوتوومە کەسێک لە گۆڕەپانی دانوستاندا سەرکەوتووە کە خۆی بۆ جەنگ ئامادە کردبێت. ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەرەی مقاوەمە لە لووتکەی هێزدان و وڵات لەوپەڕی باڵادەستیی مەیدانی و یەکگرتوویی نەتەوەییدایە و لەژێر رێنماییەکانی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی، هەرگیز رێگە نادەین خەیاڵی دوژمنان لەبارەی ئێرانبێتە دی."