ئەنجامی زانکۆلاین راگەیەنرا; 99%ـی دەرچووان وەرگیراون

لە رێگەی کوردستان24ـەوە بزانە لە چ بەشێک وەرگیراوی

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، داتا و ئامارەکانی وەرگرتنی قوتابیانی لە زانکۆ و پەیمانگەکان راگەیاند و ئاشکرای کرد، 99%ـی پێشکەشکارانی ئەمساڵ وەرگیراون و زیاتر لە 27 هەزار کورسیی خوێندنش بەتاڵ ماونەتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی "زانکۆلاین" تایبەت بە وەرگرتنی دەرچووانی پۆلی 12ـەی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ ساڵی خوێندنی (2026-2027) خستەڕوو.

لە رێگەی ئەم لینکەوە ئەنجامەکەت وەربگرە: https://general.regayzanko.com/student/

د. ئارام محەممەد قادر رایگەیاند، کۆی گشتیی دەرچووانی ئەمساڵ 40 هەزار و 716 قوتابی بووە، لەو ژمارەیە 30 هەزار و 847 دەرچووی زانستی و حەوت هەزار و 923 دەرچووی وێژەیین، لەگەڵ 706 دەرچووی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان و 1240 دەرچووی پیشەیی. هەروەها ئاماژەی بەوە دا، وەزارەت پلانی بۆ وەرگرتنی 65 هەزار و 324 قوتابی ئامادەکردبوو.

وەزیری خوێندنی باڵا باسی لەوە کرد، 39 هەزار و 950 کەس فۆڕمی وەرگرتنیان پڕکردووەتەوە، لەوانە 32 هەزار و 739 پێشکەشکار دەرچووی ساڵی 2026 بوون و حەوت هەزار و 211 پێشکەشکاریش دەرچووی ساڵانی رابردوون. لە ئەنجامی پرۆسەکەدا، کۆی گشتیی 39 هەزار و 52 قوتابی لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیراون.

وەزیری خوێندنی باڵا روونیکردەوە، لەو ژمارەیە 32 هەزار و 422 قوتابییان دەرچووی ئەمساڵن و شەش هەزار و 630 قوتابیش هی ساڵانی پێشوون، تەنیا لە هەردوو بەشی زانستی و وێژەییش 37 هەزار و 966 قوتابی وەرگیراون.

ئەوەی لە گوتەکانی وەزیری خوێندنی باڵادا جێگەی سەرنج بوو، بەرزیی رێژەی وەرگرتنە، بە جۆرێک 99%ـی ئەو دەرچووانەی ئەمساڵ فۆڕمیان پڕکردووەتەوە وەرگیراون، تەنیا 317 قوتابی وەرنەگیراون، ئەمەش دەکاتە رێژەی 1%. هاوکات بەهۆی زۆریی پلانی وەرگرتن بەراورد بە پێشکەشکاران، 27 هەزار و 391 کورسیی خوێندن بە بەتاڵی ماونەتەوە.

سەبارەت بە دەرچووانی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان، وەزیر ئاشکرای کرد، لە کۆی 376 پێشکەشکار، 370 قوتابی وەرگیراون و زۆرینەیان 258 قوتابین کە سەر بە سیستەمی ئەمریکین. هەروەها لە بەشی پیشەیی 901 کەس فۆڕمیان پێشکەش کردووە و 716 قوتابی وەرگیراون، لە کاتێکدا 493 دەرچووی ئەمساڵی پیشەیی بە هیچ شێوەیەک داواکارییان پێشکەش نەکردووە.

لە کۆتایی قسەکانیدا، د. ئارام محەممەد قادر تیشکی خستە سەر دەرچووانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ئەوانەی ژمارەیان دوو هەزار و 700 قوتابییە، بڕیاریشە لە چەند رۆژی داهاتوودا دەرگای پێشکەشکردن بە روویاندا بکرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانن لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان درێژە بە خوێندن بدەن.

سیستەمی وەرگرتنی قوتابیان لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان ساڵانە لەرێگەی سیستەمی ئەلیکترۆنیی (زانکۆلاین)ـەوە بەڕێوەدەچێت. وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە چەند ساڵی رابردوودا هەوڵی داوە پلانی وەرگرتن بە شێوەیەک فراوان بکات، زۆرترین ژمارەی دەرچووانی قۆناخی ئامادەیی لە ناوەندە حکوومییەکاندا جێگەیان ببێتەوە، بۆ ئەوەی بارگرانیی دارایی لەسەر شانی خێزانەکان کەم بکاتەوە. 

هاوکات ساڵانە حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە سیاسەتی نیشتمانیی خۆی، کورسیی تایبەت بۆ دەرچووانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم (وەک کەرکووک، شنگال، خانەقین و مەخموور) تەرخان دەکات، بۆ ئەوەی ئەو قوتابیانەش بێبەش نەبن لە درێژەدان بە خوێندنی باڵا لە شارەکانی هەرێمی کوردستان.