پارتی دیموکراتی کوردستان پۆستی جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق وەردەگرێت
پارتی پۆستی جێگرێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق وەردەگرێت و بڕیارە کۆتای ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو کابینەی حکوومەتی عێراق تەواو بکرێت.
کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو، کابینەی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی تەواو دەکرێت. بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24 کە لە چەند سەرچاوەیەکی باڵای نێو لایەنە شیعە و سووننەکانەوە دەستی کەوتووە، هەوڵە سیاسییەکان بە ئاراستەی یەکلاییکردنەوەی پۆستە ماوەکان و بەربژێرەکان خێراتر کراون.
سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەغدا کۆدەبنەوە بۆ یەکلاییکردنەوەی بەربژێرانی شیعە بۆ پۆستە وەزارییەکان و رێککەوتنی پێشوەختە لەسەریان. هاوکات تاوتوێی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی دەکرێت. لە درێژەی گفتوگۆکاندا، سێشەممەی داهاتوو هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆدەبێتەوە و پێشبینی دەکرێت نێچیرڤان بارزانی، وەک نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە هاوپەیمانیەتییەکە، بەشداری کۆبوونەوەکە بکات.
زۆرینەی لایەنەکان لەسەر دانانی چوار جێگر بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆکن، بە مەرجێک جێگرەکان تەنیا لەو پۆستەدا بن و هیچ وەزارەتێکیان بەدەستەوە نەبێت. سەرەڕای ئەوەی بەشێک لە سەرکردەکان پێیان وایە بەهۆی خراپیی دۆخی ئابوورییەوە نابێت ئەو پۆست و ئیمتیازاتانە زیاد بکرێن، بەڵام رای زۆرینە لەگەڵ دانانیاندایە و پشکی لایەنەکان بەمشێوەیە دابەش بووە:
پشکی کورد: جێگرێکی سەرۆکوەزیران بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێت.
پشکی سووننە: پۆستەکە دەدرێتە هاوپەیمانیی تەقەدووم و بەربژێرەکەیان محەمەد تەمیم، وەزیری پلاندانانی پێشووە.
پشکی شیعە: دوو جێگر بۆ موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئەساس، لەگەڵ لەیس خەزعەلی، برای قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی عەسائیب ئەهلی حەق دیاری کراون. بەپێی سەرچاوەکان، دەستنیشانکردنی لەیس خەزعەلی دوای ئەوە دێت کە واشنتن گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکردووە و رەزامەندیی ئەمریکای بەدەستهێناوە.
نێو ماڵی شیعە لەسەر بەربژێرەکانیان رێککەوتوون، بەڵام کێشە سەرەکییەکە لە نێو ماڵی سووننەدایە بەهۆی ململانێ لەسەر دوو وەزارەتی بەرگری و پلاندانان. لەگەڵ ئەوەشدا هاوکێشەی وەزارەتە ماوەکان بەمشێوەیە ئاراستە کراوە:
وەزارەتی ناوخۆ و خوێندنی باڵا: لە پشکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسادان؛ یاسر سخێل بۆ وەزارەتی ناوخۆ و حەیدەر بەها بۆ خوێندنی باڵا بەربژێر کراون و سیڤییەکانیان بە فەرمی دراوەتە سەرۆکوەزیران.
وەزارەتی گەشتوگوزار: بڕیارە وەزارەتێکی نوێ بەو ناوە بۆ کابینەکە زیاد بکرێت و دەدرێتە پێکهاتەی شیعە.
وەزارەتی بەرگری: پشکی پێکهاتەی سووننەیە؛ سابت عەباسی لە کێبڕکێکە کشاوەتەوە و بەربژێرەکانی ئێستا بریتین لە نایف شەممەری و عەلی ئەعرەجی، کە ئەعرەجی چانسی زیاتری هەیە.
وەزارەتی پلاندانان و رۆشنبیری: بڕیارە وەزارەتی پلاندانان و رۆشنبیری بە عەلی نوعەیمی و زەید عەلی بدرێت کە بەربژێری هاوپەیمانیی عەزمن.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و شارەوانییەکان: پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانە.
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی: پشکی بزووتنەوەی عەسائیبە، بەڵام هێشتا بە فەرمی بەربژێرەکەیان یەکلایی نەکراوەتەوە.
وەزارەتی وەرزش و لاوان: پشکی هاوپەیمانیی هێزە نیشتمانییەکانی دەوڵەتە و سەفا کینانی بۆ ئەو پۆستە بەربژێر کراوە.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران: پۆستەکە لە دەستی رەیان کلدانی دەردەهێنرێت و دەدرێتە فراکسیۆنی سۆیانا، وەک گەورەترین فراکسیۆنی کریستیانەکان لە پەرلەمانی عێراق.
سەرچاوەکان روونیکردەوە، ئەگەر تا چوارشەممە لایەنەکان لەسەر بەربژێرەکان بگەنە رێککەوتنی کۆتایی، ئەوا پێنجشەممە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر تەواوکردنی کابینەکەی عەلی زەیدی دەدات. سەرچاوەیەکی دیکەش لە نێو چوارچێوەی هەماهەنگی جەختیکردەوە، ئەگەر بابەتەکە بکەوێتە هەفتەی داهاتووش، کابینەکە بە گەرەنتییەوە لەم مانگەدا پەسەند دەکرێت.