دوو سەربازی عێراق لە نەینەوا کوژران
وەزارەتی بەرگریی عێراق کوژرانی دوو سەرباز و برینداربوونی دووانی دیکەی لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراوی پاشماوەکانی چەکدارانی داعش لە بیابانی راوە لە نەینەوا راگەیاند.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی بەرگریی عێراق کە لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە و فیرقەی 7ـی پیادەوە بڵاوکراوەتەوە، رووداوەکە لە باکووری بیابانی راوە لە باشووری پارێزگای نەینەوا روویداوە. تەقینەوەکە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکێکی گەڕان و پشکنین بووە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەهۆی تەقینەوەکەوە دوو سەرباز کوژراون و دوو سەربازی دیکەش بریندار بوون، دەستبەجێ بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی بەرگری جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێزەکانی سوپا بە ورەیەکی بەرز و بڕیارێکی نەگۆڕەوە بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان لە سەرجەم کەرتەکاندا بۆ راوەدوونانی پاشماوەکانی داعش.
هەروەها ئاشکراشکراوە، هەوڵەکانیان بۆ بنبڕکردنی سەرچاوەکانی تیرۆر و لەناوبردنی حەشارگەکانیان ناوەستێت، تا ئەو کاتەی تەواوی ناوچەکە لە مەترسییەکان پاکدەکرێتەوە و ئاسایش و سەقامگیری بەتەواوی دەچەسپێندرێت.