وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی مانگی ئەیلوول رادەستی بەغدا دەکات

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تیمی تەکنیکی وەزارەتەکەیان لیستی مووچەی مانگی ئەیلوول و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئاب دەباتە بەغدا و سبەی دووشەممە بە فەرمی رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەکات.

لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری داهاتووە، کە ئەمڕۆ یەکشەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2026 بڵاوکراوەتەوە، تیمی تەکنیکی وەزارەت گەیشتووەتە فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ، بە مەبەستی وادەستکردنی لیستی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە بڕیارە سبەی دووشەممە بەفەرمی رادەستیی وەزارەتی دارایی بکرێت.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هاوکات لەگەڵ لیستی مووچەکەدا، هەر سبەی دووشەممە راپۆرتی "تەرازووی پێداچوونەوەی دارایی" تایبەت بە خەرجی و داهاتەکانی مانگی ئابی 2026 رادەستی لایەنی پەیوەندیدار لە وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت.

وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش کردووە، ئامانج لە ناردنی ئەو داتایانە لە کاتی خۆیدا، خێراکردنی پرۆسەی وردبینی و دەستەبەرکردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە لەلایەن بەغداوە.