زەیدی داوای لێکۆڵینەوە لە سووکایەتیکردن بە ئاڵای ئەمریکا دەکات
سەرۆکوەزیرانی عێراق لێکۆڵینەوە لە رووداوی سووکایەتیکردن بە ئاڵای ئەمریکا لە رۆژی سەروەریدا دەکات و جەخت لە گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرانبەر سەرپێچیکاران دەکاتەوە.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ یەکشەممە، 04ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانی پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی داوە. ئامانج لە پێکهێنانی لیژنەکە بەدواداچوونە بۆ وردەکارییەکانی ئەو رووداوەی تیایدا سووکایەتی بە ئاڵای ئەمریکا کرا لە میانی یەکێک لە نمایشەکانی چالاکییەکانی رۆژی سەروەری.
سەباح نوعمان ئاماژەی بەوە دا، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان سەرکۆنەی ئەو کارەی کردووە و جەختی لە گرنگیی پابەندبوون بە یاسا و نەریتە دیپلۆماسییەکان کردووەتەوە.
هەروەها گوتی، عەلی فالح زەیدی فەرمانی داوە رێکاری یاسایی پێویست بەرانبەر سەرپێچیکاران بگیرێتەبەر و لە زووترین کاتدا لێکۆڵینەوەکان تەواو ببن و ئەنجامەکانی بۆ سەرووی خۆیان بەرز بکرێنەوە.
رۆژی سەروەری بۆنەیەکی نوێیە لە عێراق و پەیوەندیی بە کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا هەیە. لە 30ـی ئەیلوولی 2026دا ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراق بە فەرمی کۆتایی هات و حکوومەتی عێراقیش ئەو رۆژە و رۆژانی دواتری وەک رۆژی سەروەری راگەیاند.
لەو رۆژەدا، ژمارەیەک چەکدار و لایەنگرای حەشدی شەعبی سووکایەتییان بە ئاڵای ئەمریکا کرد و بە ئۆتۆمبێلی سەربازی بەسەر ئاڵاکەدا رۆیشتن.