ژمارەیەک کۆچبەری عێراقی لە لیبیاوە دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان
کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا رایگەیاند، بەهۆی هەوڵەکانیان جارەنووسی ژمارەیەک کۆچبەری عێراقیان ئاشکرا کرد کە بە نایاسایی چوونەتە لیبیا و کاردەکەن بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئەحمەد سەحاف، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا رایگەیاند، هەوڵە بەردەوامەکانی باڵیۆزخانەکە بووە هۆی ئاشکرابوونی چارەنووسی نۆ کۆچبەری عێراقی، کە بە شێوەیەکی نایاسایی چوونەتە خاکی لیبیا.
ئەحمەد سەحاف جەختیکردەوە، دەستیان بە رێکارەکانی سەلماندنی ناسنامەی عێراقیی ئەو کۆچبەرانە کردووە، بۆ ئەوەی بە خواست و ئارەزووی خۆیان بگەڕێندرێنەوە ناو خێزانەکانیان لە هەرێمی کوردستان.
کاربەرێکەری باڵۆزخانەی عێراق لە لیبیا گوتیشی "پشکنینە پزیشکییە پێویستەکانمان بۆ کۆچبەران کردووە تا دڵنیابین لە تەندروستییان، هاوکات لە پەیوەندیکردن بە بنەماڵەکانیان بەردەوامین بۆ ئاگادارکردنەوەیان لە سەلامەتیی رۆڵەکانیان."
ئەحمەد سەحاف ئەوەشی خستەڕوو، باڵیۆزخانە پاسپۆرتی بەو کۆچبەرانە بەخشیوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی گەڕانەوەیان بۆ عێراق بە خێرایی ئاسان بێت و گەرەنتیی گەڕانەوەیەکی سەلامەت بۆ لای کەسوکاریان بکرێت.
دووپاتیشیکردەوە، باڵیۆزخانە لە بەدواداچوونی دۆخی کۆچبەرانی عێراقی لە لیبیا بەردەوامە و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی لیبیا هەماهەنگی دەکات، بۆ ئەوەی سەلامەتییان مسۆگەر بکرێت و کار بۆ گەڕانەوەی خۆبەخشانەیان بۆ عێراق دەکرێت.