مەسجدی: ئێران و بەرەی مقاوەمە ئامادەی گۆڕەپانی جەنگن
فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسداران دەڵێت: هێزەکانی ئێران و بەرەی مقاوەمە بەوپەڕی هێزەوە ئامادەی رووبەڕووبوونەوەی ئەمریکان و هەر هێرشێکی وشکایی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران رووبەڕووی شکست دەبێتەوە.
ئیرەج مەسجدی جێگری هەماهەنگیکاری هێزەکانی سوپای پاسداران ئەمڕۆ یەکشەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە بارەی ئامادەکارییەکانی سوپای ئەمریکا و ئەگەر دەستپێکردنەوەی جەنگ، رایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا نیازی هەر کردەوەیەکی هەبێت، ئێران بەبێ سڵکردنەوە ئامادەی گۆڕەپانەکەیە.
مەسجدی بە ئاماژەدان بە توانا سەربازییەکانی وڵاتەکەی، گوتی، تواناکانی بەرەی مقاوەمە بۆ ئەوپەڕی هێز و توانا لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و ناوچەیی گۆڕاوە، پێچەوانەی ئەو دەنگۆیانە، گوایە بەهۆی جەنگ و کوژرانی بەشێک لە فەرماندەکانی بێ توانا و لاواز بووە، بەڵکو ئێستا لە لووتکەی هێز دایە.
گوتیشی: رەوتی بەرەی مقاوەمە، هاوشێوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، بەردەوام لە بەهێزبوون و فراوانبووندایە، کۆماری ئیسلامی ئەمڕۆ بەراورد بە دەیەکانی رابردوو لە لووتکەیە و رەوتی مقاوەمەش بە هەمانشێوەی لە ترۆپکە.
ئەو فەرماندە باڵایەی سوپای پاسداران رایگەیاند، لە جەنگدا پێشڕەوی هەیە و پاشەکشەش دەبێت، کوژران و قوربانیشی لێدەکەوێتەوە، ئەمە سرشتی جەنگە، بەڵام رابوونی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە ناوچەکەدا، دروستبوونی بەهێزبوونێکی سەردەمییە و نە داگیرکاری و نە ئیسرائیل هیچ یەکێکیان ناتوانن، ئەم هێزە لاواز بکەن.
ئیرەج مەسجدی، جێگری هەماهەنگیکاری هێزەکانی سوپای پاسداران لەبارەی هەڕەشەکانی ئەمریکا و هێرشی وشکایی بۆ سەر خاکی ئێران، گوتی: ئەگەر ئەمریکا نیازی هەر جووڵەیەکی هەبێت، کۆماری ئیسلامی و بەرەی مقاوەمە، بەوپەڕی هێزەوە دێنە گۆڕەپانەکە و بەدڵنیاییەوە دوژمن تێکدەشکێت، بۆیە ئەگەر کەمێک ژیر بن و بیربکەنەوە دەست بۆ کارێکی وەها گەمژانە نابەن."
هۆشداری و هەڕەشەکانی ئێران لە کاتێکدایە، وەزارەتی جەنگ و بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا، لەنێویاندا پیت هێگسێت، وەزیری جەنگ رایانگەیاندووە، وڵاتەکە بەوپەڕی تواناوە ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ کردووە، ئەگەر پێویست بکاتەوە، هاوکات جوڵاندنی کەشتییە جەنگی و فڕۆکەهەڵگرەکان بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ترس و نیگەرانی لە ناوچەکە دروستکردووەتەوە، پێشبینی دەستپێکردنەوەی جەنگ دەکرێت.
هەروەها راپۆرتە هەواڵگری و سەربازییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە لەنێویاندا فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، ناسراو بە سێنتکۆم لە ئامادەباشیدان بۆ هەر ئەگەر و سیناریۆیەکی نوێی جەنگ.
ئیرەج مەسجدی کێیە:
ئیرەج مەسجدی، لە جەنگیی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراقدا فەرماندەی قەرارگەی رەمەزان بوو لە فەرماندەیی سوپای پاسداران، هەروەها یەکێک بووە لەو فەرماندانەی پاسداران کە سەرپەرشتی هێزەکانی دەرەوەی خاکی ئێرانی کردووە.
مەسجدی لە تشرینی یەکەمی 2016 لە جێگەی حەسەن داناییفەڕ، لە ئەرکی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی عێراق دەستبەکاربوو، هاوکات بووە راوێژکاری باڵای قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، بەڵام لە کۆتاییەکانی ساڵی 2020 لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا خرایە لیستی سزادراوان.