لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە وەزیری دارایی توڕەیە
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە رێکارەکانی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 نیگەرانە بەهۆی ئەوەی وەزیری دارایی بەبێ راوێژکردن بە پەرلەمان پڕۆژەکەی رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 گوتی، ئەمڕۆ یەکشەممە، 04ـی تشرینی یەکەمی 2026، لیژنەی دارایی کۆدەبێتەوە و پرسی رێکارەکانی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی تاوتوێ دەکات.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، بانگهێشتکردنی وەزیرانی دارایی و پلاندانان دەخرێتە دەنگدانەوە و بە ئەگەری زۆرەوە بانگهێشتکردنی هەردوو وەزیرەکە دەنگ دەهێنێت.
سەبارەت بە هۆکاری نیگەرانییەکانیان، جەمال کۆچەر باسی لەوە کرد، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق بەبێ ئاگاداری و راوێژکردن لەگەڵ پەرلەمانتاران پڕۆژەیاساکەی رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئەوەشی خستەڕوو، زانیاریی تەواو لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە نەگەیشتووەتە دەستی پەرلەمانتاران، ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری دروستکردووە، سەرەڕای ئەوەی فالح ساری پێشتر بۆ چەند خولێکی پەرلەمان ئەندامی لیژنەی دارایی بووە و شارەزای رێکارەکانە.
بەپێی یاسای کارگێڕیی دارایی عێراق، پێویست بوو لە سەرەتای مانگی ئەیلوول پڕۆژەیاسای بودجە رادەستی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت و لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمدا بخرێتە بەردەم پەرلەمان بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت، بەڵام بڕیارە لە 15ـی ئەم مانگەدا پڕۆژەیاساکە رەوانەی پەرلەمان بکرێت.
رۆژی یەکشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2026ـ، رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 لە لایەن ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراقەوە ئاراستەی ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران کرا.
ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری لە نووسراوەکەیدا کە پۆلێنی "زۆر بەپەلە"ـی پێدراوە، راسپاردەی ئەوەی داوە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجە رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت، لەگەڵ رەچاوکردن و وەرگرتنی تێبینی و سەرنجەکانی ئەندامانی ئەنجوومەنی ئابووری لەسەر پڕۆژەیاساکە، بۆ ئەوەی رێکاری پێویستی لەبارەوە بگیرێتەبەر.