ئارام محەمەد: گرفتی دارایی راگەیاندنی خولی نوێی خوێندنی باڵای پەکخستووە

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، دیراسەی ورد و سەرجەم ئامادەکارییەکانیان بۆ دەستپێکردنی راوەندی نوێی خوێندنی باڵا ئەنجام داوە، بەڵام دەستپێکردنی تەنیا پەیوەستە بە نەهێشتنی کێشەی سیولە و دابینکردنی شایستە داراییەکانەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە لێدوانێکیدا بە کوردستان24ـی راگەیاند: ئێمە دیراسەی وردمان کردووە و هەموو ئامادەکارییەکانمان بۆ گشت ئەو پێداویستییانەی کە بۆ کردنەوەی راوەندی نوێی خوێندنی باڵا پێویستن، جێبەجێ کردووە.

وەزیری خوێندنی باڵا روونیکردەوە، تەنیا یەک بۆشایی لەبەردەم کردنەوەی پرۆسەکەدا ماوەتەوە، ئەویش لە دەرەوەی دەسەڵاتی وەزارەتەکەیانە و پرسی سیولە و داراییە. گوتیشی: هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەو بارودۆخ و قەیرانانەی لەگەڵ بەغدا رووبەڕووی بووەوە، دووچاری کێشەی کەمیی سیولە بوو، تەنانەت مووچەی فەرمانبەرانیش لە کاتی خۆیدا نەدەهات، ئەم دۆخەش راستەوخۆ کاریگەریی هەبوو لەسەر راوەندی خوێندنی باڵا، چونکە ئەم پڕۆسەیە تێچوویەکی دارایی زۆری دەوێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا خاوەنی داهاتی خۆیەتی و دەیانتوانی بەشێک لەو بۆشاییانە پڕ بکەنەوە، بەڵام بەهۆی قەیرانەکانەوە بەشێکی زۆری ئەو داهاتە چووەتە ناو سەرچاوەی یەکگرتووی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە وەک ئەولەویەت بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران تەرخان کراوە.

سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوو و پێشهاتە ئەرێنییەکان، ئارام محەمەد ئاماژەی بەوە دا، ئێستا دۆخی مووچە تا رادەیەکی زۆر بەرەو ئاساییبوونەوە چووە و گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغداش گەیشتوونەتە ئاستێکی زۆر باشتر و لێکتێگەیشتنی باشتر هاتووەتە ئاراوە.

وەزیری خوێندنی باڵا گوتیشی، چاوەڕوانین ئەو پڕۆژەیاسایەی لە بەغدا لە گفتوگۆدایە لەلایەن حکوومەتەوە رەوانەی پەرلەمان بکرێت و بەبێ کێشە پەسەند بکرێت، لەو ئەگەرەدا پێم وایە هەرێمی کوردستان لانی کەم ساڵێکی پڕ لە ئارامی و سەقامگیریی دارایی بەڕێ دەکات.