بەهۆی مەترسیی ئەمنییەوە، واشنتن فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی (B-1) لە بەریتانیا دەکێشێتەوە

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەهۆی نیگەرانی و مەترسیی ئەمنییەوە فڕۆکە بۆمبهاوێژە ستراتیژییەکانی لە جۆری (B-1) لە بنکەی ئاسمانیی فەیرفۆرد لە بەریتانیا کێشاوەتەوە.

دووشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی، بە پشتپەستن بە زانیارییەکانی بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاندووە، ئەو فڕۆکە بۆمبهاوێژانەی پێشتر لە بنکەی فەیرفۆردی بەریتانیا جێگیر کرابوون، گەڕێنراونەتەوە و جارێکی تر لە ناوخۆی خاکی ئەمریکادا بڵاوەیان پێ کراوەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، بەرپرسێکی ئەمریکی ئاشکرای کردووە، واشنتن پێشوەختە زانیاری و بەڵگەی هەبووە لەسەر پیلانێکی پەیوەندیدار بە ئێران، ئامانج لێی هێرشکردنە سەر ئەو فڕۆکە بۆمبهاوێژانە و کوشتنی کارمەند و سەربازانی ئەمریکی بووە لە ناو بنکەی ئاسمانیی فەیرفۆرددا.