بەرزبوونەوەی هەناردەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یەدەگی G7، بازاڕی نەوتی هێورکردەوە

ئەمڕۆ دووشەممە، 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزی، دابەزینەکە بەهۆی زیادبوونی ئاستی هەناردەکردنی نەوتی خاو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بڕیاری وڵاتانی گرووپی حەوت بۆ بەکارهێنانی بەشێک لە یەدەگی نەوتی خۆیان بووە.

ئەم هەنگاوە بووەتە هۆی زیادبوونی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەکاندا، سەرەڕای ئەوەی هێشتا نیگەرانییەکان لەبارەی زیانەکانی بەرکەوتوو بە ژێرخانی نەوتی کەنداو بەردەوامن.

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، نرخی نەوتی خاوی برێنت 35 سەنت دابەزیوە کە دەکاتە 0.34%، بەمەش هەر بەرمیلێک گەیشتووەتە 101.90 دۆلار، هاوکات نەوتی خاوی تێکساسی رۆژئاوا 62 سەنت دابەزیوە کە رێژەی 0.68%ـی بەهایەکەی پێکدەهێنێت و نرخەکەی بۆ 90.49 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزیوە.

دابەزینەکە لەدوای ئەوە دێت وڵاتانی گرووپی حەوت رەزامەندییان دەربڕی لەسەر بەکارهێنانی 100 ملیۆن بەرمیل گازوایل و نەوتی خاو لە یەدەگی فریاگوزاری، ئەوەش بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی بازاڕ و زیادکردنی خستنەڕووی نەوت.

بەگوێرەی داتاکانی گواستنەوە، هەناردەکردنی نەوتی خاوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەفتەی کۆتایی مانگی ئەیلوولدا، لە ماوەی چوار رۆژدا ئاستی پێش جەنگی تێپەڕاندووە، ئەمە لەکاتێکدایە هێرشەکان دژ بەو کەشتییانە بەردەوامن کە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن.

لەلایەکی دیکەوە مەترسییەکان لەسەر دابینکردنی نەوت ماونەتەوە، چونکە هێرشکردنە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ناوچەکە بەردەوامە، کۆمپانیای ئارامکۆی سعوودی بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو نرخی نەوتی خاوی خۆی بۆ مانگی تشرینی دووەم لە ئاسیا، بۆ نزمترین ئاست لە شەش ساڵی رابردوودا دابەزاند.

بڕیاری گرووپی حەوت بۆ بەکارهێنانی یەدەگە ستراتیژییەکان، بەشێک لە نیگەرانییەکانی لەبارەی کەمبوونەوەی نەوت کەمکردووەتەوە، ئەم دۆخە لەکاتێکدایە ئاماژەکان بۆ گەڕانەوەی هەناردەی نەوتی سعوودیە بۆ ئاستی پێش جەنگ دەردەکەون، سەرەڕای بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە و بەکارهێنانی رێڕەوی کەمتر کاریگەر بۆ هەناردەکردن.