شانەی راگەیاندنی ئەمنی دەنگۆی ئازادکردنی تیرۆریستانی گرتووخانەکانی هەولێر و دهۆک رەت دەکاتەوە

شانەی راگەیاندنی ئەمنی نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، دەنگۆی ئازادکردنی ژمارەیەکی زۆر لە تیرۆریستان لە بەندیخانەکانی هەولێر و دهۆک و گواستنەوەیان بۆ کەرکووک رەت دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە کە هیچ زانیارییەکی لەو شێوەیە راست نییە.

دووشەممە، 5ی ئۆکتۆبەری 2026، شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە داوە کە بەدوادواچوونیان بۆ ئەو لێدوانانە کردووە کە لە هەندێک دەزگای راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر زاری کەسایەتییەکی سیاسی بڵاوکراونەتەوە، کە گوایە ژمارەیەکی زۆر لە کەسانی تۆمەتبار بە تیرۆر لە بەندیخانەکانی هەولێر و دهۆک ئازاد کراون و رەوانەی پارێزگای کەرکووک کراون.

لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، بەپێی زانیارییە فەرمییە بەردەستەکان، ئەو ئیدیعایانە پشتیان بە هیچ راگەیەندراو یان هەڵوێستێکی فەرمیی دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکانی عێراق نەبەستووە و تاوەکو ئێستاش هیچ بەڵگەیەک بۆ ڕاستیی ئەو دەنگۆیانە نەسەلمێنراوە.

دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان جەختیان کردووەتەوە کە بە بەردەوامی بەدوادواچوون بۆ هەر هەڕەشەیەکی تیرۆریستی و جموجۆڵی کەسانی داواکراو دەکەن. ئاماژەیان بەوەش داوە کە تەواوی زانیارییە ئەمنییەکان لە سەرچاوە فەرمییەکانیانەوە و وردبینی و پشتڕاستکردنەوەیان بۆ دەکرێت بەرلەوەی بڵاو بکرێنەوە یان پشتیان پێ ببەسترێت.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی راشیگەیاندووە، هێزە ئەمنییەکان لە سەرجەم پێکهاتەکانیاندا بەردەوامن لە ئەرکەکانیان بۆ راوەدوونانی پاشماوەکانی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و رێگریکردن لە هەر چالاکییەک کە هەڕەشە لە ئاسایشی هاووڵاتییان بکات، بەوپێیەی هێزەکان لە ئاستێکی بەرزی ئامادەیی و بێداریدان.

لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا، داوا لە هاووڵاتییان کراوە بەدوای هەواڵ و زانیاریی ناڕاست و بێبەڵگەدا نەڕۆن و تەنیا راگەیەندراوە فەرمییەکان بکەنە سەرچاوەی هەواڵە ئەمنییەکان. هەروەها داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کراوە کە لە بڵاوکردنەوەی زانیارییە ئەمنییەکاندا وردبین و بەرپرسیار بن تاوەکو رێگری لە شێواندنی بیروڕای گشتی و تێکدانی ئارامیی کۆمەڵگە بگیڕێت.