مارکۆ روبیۆ: سعوودیە مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پشتیوانیی واشنتنی بۆ سعوودیە دووپاتکردەوە و رایگەیاند؛ ریاز مافی تەواوی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات لە بەرامبەر هێرشی حووسییەکاندا، هاوکات هێزە شەرعییەکانی یەمەنیش لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانەدان کە پێشتر دەستیان بەسەردا گیراوە.
دووشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کاتی لێدوانیدا بۆ میدیاکان، سەرنجی خستە سەر پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەی کەنداو و دەریای سوور و رایگەیاند: بە روونی دیارە کە سعوودیە کەوتووەتە ژێر هێرشی چەکدارانی حووسی، و هەمووان ئەو مەترسییە گەورەیە دەبینن کە ئەو گرووپە دروستی کردووە؛ بۆیە سعوودیە مافی رەوا و سروشتیی خۆیەتی بەرگری لە خاک و سەروەریی خۆی بکات. لە هەمان کاتدا هێزەکانی یەمەن لە هەوڵی ئەوەدان ئەو خاک و ناوچانە وەربگرنەوە کە پێشتر لێیان دەرکراون.
لەلایەکی دیکەوە و لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دەنگۆی بڵاوبوونەوەی جۆرێک لە نەخۆشیی پەتا لە تاقیگەیەکی رووسیادا، روبیۆ روونی کردەوە کە واشنتن لە نزیکەوە چاودێریی ئەو زانیارییانە دەکات کە رووسەکان خستوویانەتەڕوو، کە دەریدەخات کارمەندێکی تاقیگە تووشی ڤایرۆسەکە بووە؛ گوتیشی: هاتوچۆ لەنێوان ئەمریکا و رووسیا زۆر سنووردارە، دۆخەکە نەگەیشتووەتە ئاستی تۆقین و دڵەڕاوکێ، بەڵام پێویستی بە وریایی و چاودێریی ورد هەیە تا دڵنیابین لەوەی بڵاونابێتەوە.
وەزیری دەرەوە، مارکۆ ڕوبیۆ پێش بەڕێکەوتنی بۆ ئەوروپا، کۆبوونەوەکەی کامپ دەیڤدی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند: "ئێمە بەبەردەوامی بۆ پلاندانانی ستراتیژیی درێژخایەن کۆدەبینەوە، پێشتریش کۆبوونەوەی لەو شێوەیەمان هەبووە.
هەروەها دەربارەی هۆکاری گواستنەوە و رۆیشتنی فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکا لە بنکەی ئاسمانیی فەیرفۆردی بەریتانیا، روبیۆ ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە کشانەوەی لەناکاو دەکەن و رایگەیاند؛ وەزارەتی بەرگری بەردەوام سەرچاوە سەربازییەکانی بەپێی پێداویستییە مەیدانییەکان دابەش دەکاتەوە و ئەم گۆڕانکارییانە تەنیا لە چوارچێوەی ئاڵۆگۆڕی دەوری و رۆتینیی فڕۆکە و هێزەکاندایە لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا.