ترەمپ: گرانیی بەنزین پەیوەندی بە هورمزەوە نەماوە؛ کێشەکە پاڵاوگەکانی رووسیایە

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی ئیتر گەرووی هورمز نییە، چونکە رۆژانە ژمارەیەکی پێوانەیی لە بەرمیلە نەوت لەو رێڕەوەوە دەردەچێت، بەڵکو هۆکارە سەرەکییەکە کێشەی پاڵاوگەکانە کە لە رووسیا لەلایەن ئۆکرایناوە دەتەقێندرێنەوە و لە ئەمریکاش لەلایەن دیموکراتەکانەوە دادەخرێن.

دووشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس، سەرنجی خستە سەر هۆکارەکانی هەڵکشانی نرخی بەنزین و سووتەمەنی لە بازاڕەکاندا و رەتیکردەوە کە گرژییەکانی کەنداو و گەرووی هورمز هۆکاری گرانییەکە بن، و گوتی: ئەوەی ئەمڕۆ نرخی بەنزین بەرز دەکاتەوە چیتر گەرووی هورمز نییە، چونکە بە شێوەیەکی رۆژانە ژمارەیەکی پێوانەیی لە بەرمیلە نەوت لەو گەرووەوە دەگوازرێتەوە بۆ بازاڕەکان.

ترەمپ پەنجەی خستە سەر پرسی پاڵاوتنی نەوت و بە کلیلی کێشەکەی ناوبرد، بە جۆرێک کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، هێرشە بەردەوامەکانی ئۆکراینا بوونەتە هۆی تەقاندنەوە و لەکارخستنی پاڵاوگە سەرەکییەکانی نەوت لە نێوخۆی رووسیادا، ئەمەش کورتهێنانی گەورەی لە بەرهەمهێنانی بەنزین و گازۆیل لەسەر ئاستی جیهان دروست کردووە.

لەلایەکی دیکەوە و لەسەر ئاستی ناوخۆیی ئەمریکا، سەرۆکی ئەمریکا هێرشی توندی کردە سەر پارتی دیموکرات و تۆمەتباری کردن بەوەی دەستیان هەبووە لە داخستنی پاڵاوگە نەوتییەکان لەو ویلایەتانەی دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە و گوتی: لە کاتێکدا پاڵاوگەکانی رووسیا لە جەنگدا دەتەقێندرێنەوە، لە ناوخۆی ئەمریکاش و لە ویلایەتە شینەکاندا (وەک کالیفۆرنیا)، پاڵاوگەکانمان لەلایەن دیموکراتەکانەوە دادەخرێن، ئەمەش وایکردووە کێشەی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی و بەرزبوونەوەی نرخەکان دروست ببێت.