دیلان غەفوور: هیچ مەترسییەک لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نییە
بڕیارە سبەی سێشەممە، وەزیری دارایی عێراق لە پەرلەمان ئامادە بێت و لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە، بە مەبەستی خستنەڕووی زانیاریی تەواو و تاوتوێکردنی بڕگە و ماددەکانی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی پێش تێپەڕاندنی لە ئەنجوومەنی وەزیران و ناردنی بۆ پەرلەمان.
دووشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، دیلان غەفوور، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی خاڵە سەرەکی و جێگیرکراوەکانی رەشنووسی یاسای بودجەیە و چەندان زانیاریی گرنگیشی لەسەر ژمارە و بڕگەکانی نێو رەشنووسەکە خستەڕوو:
دیلان غەفوور گوتی، بەپێی مەزەندە سەرەتاییەکانی نێو رەشنووسەکە، قەبارەی بودجەی گشتی نزیکەی 218 تریلیۆن دینار دەبێت، هەروەها پڕۆژەکە کورتهێنانی تێدایە و ژمارەی کۆتایی کورتهێنانەکەش لە دوای گفتوگۆکان دیاریدەکرێت.
لە بارەی داهات و نرخی نەوت و دۆلار رایگەیاند، لە رەشنووسی پڕۆژەکەدا سەبارەت بە نرخی نەوت و نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار چەند پێوەرێک دانراون کە لە ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریدا گفتوگۆیان لەسەر کراوە، بەڵام بڕیاری کۆتایی لە دەسەڵاتی ئەنجoومەنی وەزیران و پەرلەمانە بۆ دەنگدان لەسەریان تا ببنە یاسا.
سەبارەت بە دۆسیەی دامەزراندن و گرێبەستەکان، دیلان غەفوور گوتی، لە پڕۆژەکەدا دانانی 100 هەزار پلەی گرێبەست (عەقد) جێگیر کراوە، بە جۆرێک 50 هەزاریان بۆ کەرتی مەدەنی دەبێت (بۆ هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان، پیشە تەندروستی و پزیشکییەکان و یەکەمەکان و دەرچووان) و 50 هەزارەکەی دیکەش بۆ کەرتی سەربازییە.
لە بارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە گرێبەستەکان، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی رایگەیاند، ئەو 100 هەزار گرێبەستەی لە پڕۆژەکەدا دیاریکراوە، تایبەتە بە 15 پارێزگاکەی دیکەی عێراق، سەبارەت بە گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستانیش پێویستە لە چوارچێوەی پشکی بودجەی هەرێمدا گفتوگۆ و رێککەوتنیان لەسەر بکرێت تا پشکێک بۆ ئەوانیش جێگیر بکرێت.
سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، دیلان غەفوور روونیکردەوە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە رەشنووسەکەدا جێگیرکراوە و لەو بارەیەوە دڵنیایی دا بە فەرمانبەران. هاوکات جەختیشی کردەوە کە زۆرینەی داواکارییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان هێشتا لە قۆناخی گفتوگۆدان و نەگەیشتوونەتە داڕشتەیەکی کۆتایی، بۆیە زۆر گرنگە شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ئامادەیی بەردەوامیان هەبێت تا پێش ناردنی پڕۆژەکە بۆ پەرلەمان بتوانن داواکارییەکانی دیکەش لە رەشنووسەکەدا جێگیربکەن.