جەمال کۆچەر: وەزیری دارایی هیچ زانیارییەکمان پێ نادات
ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، رەخنەی توندی لە وەزیری دارایی عێراق گرت و رایگەیاند، وەزیر هیچ هاوکارییەکی لیژنەی دارایی ناکات و دەربارەی پڕۆژەیاسای بودجە هیچ زانیارییەکی نەداوەتە لیژنەکەیان و پەرلەمانتاران، بە جۆرێک ئەندامانی پەرلەمان هاوشێوەی هاووڵاتییانی ئاسایی لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەواڵەکانی بودجە دەبیستن.
دووشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لە میانەی بەشداریکردنی لە باسی رۆژ لە کوردستان24 رایگەیاند، کورد لە پەرلەمانی عێراق خاوەنی تەنیا 65 بۆ 66 کورسییە و لە لیژنەی داراییشدا کەمینەیە، بۆیە ناتوانێت تەنیا لە رێگەی دەنگدانەوە پشکی هەرێمی کوردستان بپارێزێت. لەبەر ئەوەش داوای لە سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان کرد پێش گەیشتنی رەشنووسی بودجە بۆ پەرلەمان، لەگەڵ هێزە دەسەڵاتدارەکانی بەغدا و سەرۆکوەزیران بگەنە رێککەوتنی کۆتایی تاوەکو ماف و شایستەکانی هەرێم بە چەسپاوی بمێننەوە.
سەبارەت بە وردەکارییە داراییەکان، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئاشکرای کرد، بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکان، قەبارەی بودجە بە 218 تریلیۆن دینار و کورتهێنان بە 65 تریلیۆن دینار مەزەندە کراوە، ئەمەش پێچەوانەی یاسای ئیدارەی داراییە کە رێگە نادات کورتهێنان لە 3%ـی بەرهەمی ناوخۆیی زیاتر بێت. هەروەها روونیکردەوە، بودجەکە بە رێژەی 88% بۆ 92% پشت بە نەوت دەبەستێت، لە کاتێکدا سۆمۆ پێشنیازی نرخی 53 بۆ 56 دۆلاری کردووە بەڵام حکوومەت هەوڵی جێگیرکردنی لە نێوان 60 بۆ 70 دۆلاردا دەدات تاوەکو کورتهێنان کەم بکاتەوە.
لە تەوەرێکی دیکەدا، رایگەیاند، کە دیاریکردنی نرخی دۆلار لە دەوروبەری 150 هەزار دینار دەبێتە هۆی دوو بارگرانیی گەورە: گرانبوونی شتومەک لە بازاڕ و لەدەستدانی 15%ـی هێزی کڕینی مووچەی هاووڵاتییان. سەرەڕای ئەمانەش، جەمال کۆچەر دڵنیایی دا کە بڕوایەکی گشتی لای لایەنەکان هەیە بۆ جیاکردنەوەی قووتی خەڵک و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ململانێیە سیاسییەکان، و پرسی دامەزراندنی گرێبەستەکانیش لە دەسەڵاتی دەوڵەتدا نییە لە یەک ساڵدا هەمووی جێبەجێ بکات، بەڵکو بەگوێرەی پێویستیی وەزارەتەکان و بە قۆناخ دەبێت.