حووسییەکان فڕۆکەخانەی ریاز و کۆمپانیای ئارامکۆ دەکەنە ئامانج و سعوودیەش وەڵامدەداتەوە
حووسییەکان رایانگەیاند، فڕۆکەخانەی ریاز و دامەزراوەیەکی کۆمپانیای ئارامکۆیان لە رۆژئاوای سعوودیە کردووەتە ئامانج. ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە ململانێی نێوان هەردوولا پەرەی سەندووە و سعوودیە بەشداری لەو هێرشە دەکات کە حکوومەتی یەمەن دەستیپێکردووە.
سێشەممە 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "هێزە چەکدارەکانی یەمەن سێ ئۆپەراسیۆنی سەربازیی جۆرییان بە ژمارەیەکی زۆر مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر فڕۆکەخانەی مەلیک خالید لە ریاز و دامەزراوەی نەوتی ئارامکۆ کردووە.
یەحیا سەریع گوتیشی، پێکانی ئامانجەکە ورد و راستەوخۆ بووە و بووەتە هۆی راگرتنی جموجۆڵی هاتوچۆ لە فڕۆکەخانەکەدا. ئەم دۆخە چەند کاتژمێرێک دوای بیستنی دەنگی تەقینەوە لە باکووری ریاز و لە نزیک فڕۆکەخانەکە روویداوە.
لە بەرامبەردا، هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعوودیە رایگەیاند، ئامانجە سەربازییەکانی حووسییەکانیان لە حودەیدە لەسەر کەناراوەکانی دەریای سوور بۆردوومان کردووە. ئەم هێرشانە لە چوارچێوەی بەشداریکردنیان لەو ئۆپەراسیۆنە بووە کە حکوومەتی یەمەن یەکشەممە دەستیپێکردووە.
تورکی مالیکی، گوتەبێژی هاوپەیمانێتیەکە لە پلاتفۆرمی ئێکسەوە رایگەیاند: "هێزە دەریاییەکانی هاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان لە پارێزگای حودەیدە پێکهێنا، کە بریتی بوو لە لەناوبردنی ئامانجە سەربازییە رێگەپێدراوەکانی سەر بە میلیشیای حوسی".
هاوکات باسی لەناوبردنی کۆگاکانی چەک، جبەخانەی بەلەمە بۆمبڕێژکراوەکان و مینە دەریاییەکان کرد و رایگەیاند، توانیوانیە پلانێکی ئەگەری بۆ هێرشێکی فراوانی حووسییەکان بۆسەر ناوچەکانی نزیک لە دەریای سوور پووچەڵ بکەنەوە.
ئەم پەرەسەندە سەربازییە لە کاتێکدایە، گرژییەکانی نێوان سعوودیە و چەکدارە حووسییەکانی یەمەن گەیشتووە بە لووپکە و تاوەکو بەرەو ئاڵۆزی زیاتر هەنگاو دەنێت، هاوکات هێرشی حووسییەکان بۆ سەر دامەزراوە و پێگە بازرگانی و ئەمنییەکانی سعوودیە بەردەوامە، لە بەرامبەریشدا سعوودیە وەڵامێکی توندی حووسییەکان دەداتەوە و بە فڕۆکەی جەنگی لە بۆردومانکردنی و راوەدونانی چەکدارە حووسییەکان بەردەوامە.