سموتریچ: میسر پەلامارمان بدات سینا وێران دەکەین
وەزیری دارایی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەگەر میسر پەلاماری ئیسرائیل بدات، ئەوا سینا بوونی نامێنێت.
سێشەممە 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەتسەڵێل سموتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل لە میانەی چاوپێکەوتنێکی ڤیدیۆییدا بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل، سەبارەت بە ململانێ ئێستاکانی وڵاتەکەی قسەی کرد و رایگەیاند، دەبێت قاهیرە لەوە تێنگات ئەگەر پەلامارمان بدەن، ئەوا بەلای کەمەوە سینا بوونی نامێنێت، ئەوە ئەو هۆکارەیە کە وادەکات میسر پەلامارمان نەدات، بەڵام نەخێر، ئەوە جارێکی دیکە روو ناداتەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری دارایی ئیسرائیل گوتی، پێموایە بزووتنەوەی حەماس و حیزبوڵڵای لوبنانی لە هەر کاتێکی دیکە لاوازتر بوون و دۆخێکی لەو شێوەیە پێشتر رووی نەداوە.
سەبارەت بە کەرتی غەزە، سموتریچ گوتی، 82%ـی خانووەکانی کەرتی غەزە وێران بوون و ئێمە کۆنترۆڵی 60 بۆ 70%ـی کەرتەکە دەکەین. بەلای منەوە جیهانێکی نوێ لەوێ دروست ناکرێت، بەڵکو دەبێتە مۆنۆمێنتێک بۆ تاوان و ئەمەش هانی کۆچکردن لەو ناوچەیە دەدات.
وەزیرە ئیسرائیلییەکە ئاماژەی بە ئەگەرێکی دیکەش کرد و گوتی، لەوانەیە رێکخراوێکی تیرۆریستی لەوێ بمێنێتەوە، چونکە 1.8 ملیۆن کەسی توندڕەو لەوێ هەن کە ساڵانێکی زۆرە بە ئاواتی لەناوبردنی ئیسرائیل و مافی گەڕانەوە ژیاون.
لەبارەی لوبنانەوە، سموتریچ گوتی، پرۆسەی پاککردنەوەی گشتگیر لەسەر زەوی و لەژێر زەوی کە ئێستا لە باشووری لوبنان بە قوڵاییەکی زۆر دەیکەین، وێنەی نییە و بۆ چەندین دەیە کاریگەریی لەسەر ئاسایشی دانیشتووانی باکوور دەبێت.
لە کۆتاییدا وەزیری دارایی ئیسرائیل روونیکردەوە، دانیشتووانی باشووری لوبنان شوێنێکیان نییە بۆی بگەڕێنەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش رێگرییان لێ ناکات.