کیپلەر: هەناردەی نەوتی کەنداو بەرزبووەتەوە
داتاکانی هەردوو کۆمپانیای فۆرتیکسا و کیپلەر ئاشکرایانکرد، هەناردەی نەوتی خاو و چڕکراوەکان لە وڵاتانی کەنداو لە ئەیلوولی رابردوودا گەشەی بەخۆوە بینیوە. بەرزبوونەوەی قەبارەی هەناردەی سعوودیە، ئیمارات و عێراق هۆکاری سەرەکیی ئەم گەشەسەندنە بووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، کیپلەر رایگەیاند، کۆی گشتیی هەناردەی نەوتی خاو و چڕکراوەکان لە سعوودیە، ئیمارات، عێراق، عومان، کوێت، قەتەر و ئێران لە ئەیلوولدا گەیشتووەتە نزیکەی 14.7 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا. ئەم ژمارەیە بەراورد بە 10.8 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا لە ئابدا، بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوە.
سعوودیە پشکی شێری لەم بەرزبوونەوەیەدا هەبووە، بەجۆرێک هەناردەی نەوتەکەی لە 4.2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا لە ئابدا، بۆ 6.6 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا لە ئەیلوولدا بەرزبووەوە. هەناردەی ئیمارات و عێراقیش زیادیکردووە و ئەمەش بووەتە هۆی قەرەبووکردنەوەی بەشێک لە پاشەکشەی هەناردەی کوێت و قەتەر، هاوکات لەگەڵ راوەستانی هەناردەی ئێران.
داتاکانی فۆرتیکسا دەریدەخەن، رێژەی هەناردەی نەوتی خاو و چڕکراوەکان گەیشتووەتە 91%ـی ئاستی پێش جەنگ، کە 16.3 ملیۆن بەرمیل بووە لە رۆژێکدا. لە بەرامبەردا، هەناردەی سووتەمەنی پاڵاوتەکراو و گازی پترۆڵی شل لە ئاستی 60%ـی قەبارەی پێش جەنگ ماونەتەوە.