بە بەشداری 150 کۆمپانیای 15 وڵات حەوتەمین پێشانگای هایتێکس لە هەولێر بەرێوەدەجێت

ئەمڕۆ سێشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، حەوتەمین پێشانگای هایتێکس لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران دەکرێتەوە. هایتێکس کە لە ریزبەندی شەشەم گەورەترین پێشانگاکانی تەکنەلۆژیایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ حەوتەم ساڵ لەسەر یەک بەڕێوەدەچێت.

شەیما بایز، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، بڕیارە کاتژمێر 10:00ـی بەیانی بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومەت، دەرگای پێشانگاکە بکرێتەوە. لەو رێوڕەسمەدا مستەفا سەنەد، وەزیری گواستنەوەی عێراقیش ئامادە دەبێت.

پێشانگای هایتێکس دەبێتە ناوەندی کۆبوونەوەی کۆمپانیا جیهانییەکان لە بواری تەکنەلۆژیا، کە نوێترین داهێنانەکانی خۆیان لە بواری ژیریی دەستکرد نمایش دەکەن.

پێشانگاکە بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت. بەگوتەی پەیامنێری کوردستان24، پێشانگای هایتێکس ساڵانە هەلی کار دەڕەخسێنێت و ئەمساڵیش پشتگیریی تەواو بۆ بازرگانییە بچووکەکان دابین کراوە، بەجۆرێک زۆنێکی تایبەت بۆ نزیکەی 30 بازرگانیی بچووک تەرخان کراوە.

رێکخەرانی پێشانگاکە پێشبینی دەکەن ئەمساڵ ژمارەی سەردانیکەران بگاتە نزیکەی 50 هەزار کەس. هاوکات 150 کۆمپانیای جیاواز لە نزیکەی 15 وڵاتەوە بەشدارییان لە چالاکییەکەدا کردووە.

لە پێشانگای ئەمساڵدا، رۆبۆتی مرۆڤئاسا و درۆنی ئاگرکوژێنەوە و درۆنی هەڵگرتنەوە و پووچەڵکردنەوەی مین نمایش دەکرێن و نوێترین ئامێرەکانی تەکنەلۆژیا دەخرێنە روو.