دەستپاکی عێراق: فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 31 تۆمەتبار لە کەرکووک دەرچووە

دەستپاکی عێراق رایگەیاند، فەرمانی دەستگیرکردن و بڕیاری دادوەرییان بۆ 31 تۆمەتبار لە کۆمپانیای مابەین نەهرەین لە کەرکووک دەرکردووە. ئەم رێکارە بەهۆی ئەو دۆسیەی گەندەڵی و پێشێلکارییانەوەیە کە لە کاتی بەبازاڕکردنی گەنمدا روویانداوە.

ئەمڕۆسێشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەستەی دەستپاکی فیدراڵی عێراق روونیکردەوە، ئەو بەدواداچوونانەی تیمێکی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی کەرکووک لە کۆمپانیای مابەین نەهرەین کردوویانە، دەریدەخات هەزاران تۆن گەنم لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا بە شێوازێکی نایاسایی بەبازاڕ کراوە. ئەو بڕە گەنمە بە ناوی سێ هاووڵاتییەوە بەبازاڕ کراوە کە یەکێکیان کۆچی دوایی کردووە، لە کاتێکدا هیچ پلانێکی کشتوکاڵییان نەبووە.

رێکارەکانی لێکۆڵینەوە گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی 31 کارمەندی کۆمپانیای مابەین نەهرەین تێوەگلاون، لەنێویاندا بەڕێوەبەرانی پێشوو و کارمەندانی بانکی کشتوکاڵی لەو پارێزگایە، ئەمەش پەیوەستە بە رۆڵیان لە پرۆسەی خەرجکردنی پارەی بەبازاڕکردنی گەنمەکەدا.

دەستەی دەستپاکی ئاشکرایکرد، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 10 لەو تۆمەتبارانە جێبەجێ کراوە و ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدان. بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی دادوەریی بۆ تۆمەتبارەکانی دیکە بەردەوامە.