لە بەسرە وێنەی سەرۆکوەزیرانی عێراق سووتێنرا
لایەنگران و چەکدارانی حەشدی شەعبی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان رێکخست و تێیدا وێنەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیان سووتاند.
لە کاردانەوەی دەستگیرکردنی ژمارەیەک چەکداری حەشدی شەعبی بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە ئاڵای ئەمریکا لە رۆژی سەروەریی عێراقدا، شەوی رابردوو (دووشەممە، 06ـی تشرینی یەکەمی 2026)، لایەنگرانی گرووپە چەکدارەکان لە پارێزگای بەسرە چوونە سەر شەقامەکان و وێنەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیان سووتاند.
گردبوونەوەکە لە کۆرنیشی شەتولعەرەب لە ناوەڕاستی بەسرە بەڕێوەچوو، تێیدا ئامادەبووان داوایان لە حکوومەت کرد چەکدارە دەستگیرکراوەکانی حەشدی شەعبی ئازاد بکات. لە میانی ناڕەزایەتییەکەدا، بەشداربووان ئەمجارە ئاڵای ئەمریکایان نەسووتاند، بەڵکوو راستەوخۆ وێنەی عەلی زەیدییان ئاگر تێبەردا.
ئەو کەسانەی بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکەدا کردبوو جلی سەربازی و ئایینییان لەبەردا بوو، هاوکات وێنەی ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبییان بەرزکردبووەوە. موهەندیس ساڵی 2020 لە هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکادا لە بەغدا کوژرا.
لە گردبوونەوەکەدا تەنیا لایەنگرانی گرووپە چەکدارەکان ئامادە نەبوون، بەڵکوو ژمارەیەک لە چەکدارانی حەشدی شەعبیش بەشدارییان تێدا کردبوو. بەشداربووان ئاماژەیان بەوە دا، بەردەوام دەبن لە گوشارەکانیان تاوەکو حکوومەت داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکات.
حەشدی شەعبی لە ساڵی 2014 دوای فەتوایەکی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی داعش دروستبوو. دواتر بە بڕیارێکی پەرلەمانی عێراق بووە بەشێک لە هێزە چەکدارە فەرمییەکانی وڵات، بەڵام زۆرجار بەشێک لە گرووپەکانی نێو ئەو هێزە تۆمەتبار دەکرێن بە جێبەجێکردنی ئەجێندای سیاسی و دەرەکی.
لە لایەکی دیکەوە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و سەرۆکوەزیران هەوڵ دەدەن کۆنترۆڵی ئەو گرووپانە بکەن و چەک لە دەستی دەوڵەتدا کۆبکەنەوە بۆ پاراستنی سەقامگیریی وڵات، ئەمەش هەندێک جار رووبەڕووبوونەوە و ناڕەزایەتیی ناوخۆیی لێ دەکەوێتەوە، بەتایبەتی کاتێک هێزە ئەمنییەکان هەڵمەتی دەستگیرکردن دژی ئەندامانی ئەو گرووپانە ئەنجام دەدەن.