مەسرور بارزانی بۆ کوردستان24: گەنجانی کوردستان گەورەترین سەرمایەی نەتەوەیین

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە، گەنجانی کوردستان گەورەترین سەرمایەی نەتەوەیین. لەبارەی بودجەش دەڵێت، لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەغدا تەنیا داوای مافی دەستووریی خۆیان دەکەن نەک شتی زیاتر.

بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 06ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حەوتەمین پێشانگەی تەکنەلۆژیای هایتێکس (HITEX)ـی لە شاری هەولێر کردەوە. لە پەراوێزی پێشانگەکەدا سەرۆکوەزیران میوانی ستۆدیۆی کراوەی کوردستان24 بوو و تیشکی خستە سەر پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا لە هەرێمی کوردستان و باسی لە چەند پرسێکی گرنگیشی کرد. 

سەبارەت بە پێشکەوتنەکانی بواری تەکنەلۆژیا، مەسرور بارزانی بە کوردستان24ـی گوت، "زۆر خۆشحاڵم کە دەبینین ساڵ بە ساڵ تەکنەلۆژیا لە هەرێمی کوردستان زیاتر بەکاردێ و پێشکەوتنی باش هەیە لەسەر ئاستی ناوخۆییش؛ کۆمپانیاکانی کوردستان توانیویانە هەم داهێنان بکەن هەم تەکنەلۆژیایەکی پێشکەوتووتر پێشکەشی هاوڵاتییان بکەن". 

مەسرور بارزانی روونیکردەوە، لە زۆر رووەوە کارەکانی کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان تێکەڵ کراوە، بۆ ئەوەی حکوومەت بتوانێ سوود لە تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکان وەربگرێ بۆ پێشکەشکردنی خزمەتی زیاتر بە هاووڵاتییان.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ستایشی توانای گەنجانی کوردستانی کرد لە دروستکردنی داهێنانی نوێ و گەیشتنیان بە ئاستی جیهانی. لەم بارەیەوە ئەوەی خستەڕوو، "خۆشحاڵم دەبینم گەنجانمان خۆیان داهێنان دەکەن، هەر بیرکردنەوە لە داهێنان شتێکی زۆر دڵخۆشکەرە و رێگەخۆشکەرە بۆ ئەوەی گەنجەکانمان شتی نوێ دروست بکەن و بەشدار بن لە پێگەیاندنی کۆمەڵگەی خۆیان."

سەرۆکوەزیران جەختی لەوە کردەوە، گەورەترین سەرمایەی هەرێمی کوردستان سەرچاوەی ژێرزەوی نییە، بەڵکوو خودی مرۆڤە و بەتایبەتی گەنجان گەورەترین سەرمایەی نەتەوەن. ئاماژەی بەوەش دا، گەنجان بەردەوام بیر لە پێشخستنی وڵاتەکەیان دەکەنەوە و شانازییان پێوە دەکەن.

لەبارەی پرسی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق و ئەو دەنگۆیانەی باس لە دیاریکردنی 13 تریلیۆن دینار دەکەن لەبری 30 تریلیۆن دینار، مەسرور بارزانی هەڵوێستی حکوومەتی روونکردەوە و رایگەیاند، "ئێمە تەنیا داوای مافی خۆمان دەکەین و بەپێی دەستوور هیچ شتێکمان لە مافی خۆمان زیاتر داوا نەکردووە."

سەرۆکوەزیران روونی کردەوە، بەپێی ئەو سەرژمێرییانەی کراون، رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بەبێ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەکاتە 14.14%ـی کۆی گشتیی عێراق، بۆیە دەبێت هەر بودجەیەک بۆ هەرێم دابین دەکرێت لەسەر بنەمای ئەم رێژەیە بێت.

لە کۆتاییدا سەرۆکی حکوومەت ئەوەی خستەڕوو، تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ بڕیارێک لەسەر کەمکردنەوەی بودجەی هەرێمی کوردستان نەدراوە، بەڵکوو هەوڵێک هەیە لەلایەن هەندێک لایەنەوە بۆ زیادکردنی پشکی خۆیان.

 هاوکات دووپاتی کردەوە، گفتوگۆکانیان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و لیژنەکانی پەرلەمان و وەزارەتی دارایی عێراق بەردەوامە و شاندەکانی هەرێمی کوردستان لە هاتوچۆی بەردەوامدان بۆ بەغدا، تاوەکو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەک خۆی دابین بکرێت.


دەقی وەڵامەکانی سەرۆکوەزیران و پرسیارەکانی کوردستان24:

کوردستان24: وەک سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەستت چۆنە پێشانگایەکی وا گەورە لە بواری تەکنەلۆژیا کراوەتەوە و پێشکەوتنی زۆرمان لە بواری تەکنەلۆژیادا بەدەستهێناوە؟

مەسرور بارزانی: زۆر خۆشحاڵم کە دەبینین ساڵ بە ساڵ تەکنەلۆژیا لە هەرێمی کوردستان زیاتر بەکاردێ و پێشکەوتنی باش هەیە لەسەر ئاستی ناوخۆییش؛ کۆمپانیاکانی کوردستان توانیویانە هەم داهێنان بکەن هەم تەکنەلۆژیایەکی پێشکەوتووتر پێشکەشی هاوڵاتییان بکەن و لە زۆر رووشەوە لەگەڵ حکوومەتی هەرێم کارەکانیان تێکەڵ کراوە بۆ ئەوەی حکوومەتیش بتوانێ سوود لەو تەکنەلۆژیایە وەربگرێ بۆ پێشکەشکردنی خزمەتی زیاتر بە هاوڵاتییان.

کوردستان24: چەند دڵخۆشن بەوەی کە گەنجانی ئێمە لە رووی تەکنەلۆژیاوە هێندە پێشکەوتوون کە بگنە ئاستی جیهانی؟

مەسرور بارزانی: وەڵا زۆر پێی خۆشحاڵم بەتایبەتی ئەو گەنجانەی کە بینیم، خۆیان داهێنانیان کردووە، هەر بیرکردنەوە لە داهێنان، ئەمە خۆی شتێکی زۆر دڵخۆشکەرە و، شتی باشیشیان کردووە و ئەمە رێگە خۆشکەرە بۆ ئەوەی گەنجەکانمان بیر لە داهێنان بکەن، بیر لەوە بکەنەوە خۆیان شتی نوێ دروست بکەن و بەشدار بن لە پێگەیاندن و پێشخستنی کۆمەڵگەی خۆیان، ئەمە گەورەترین دەستکەوتە بۆ ئێمە؛ چونکە بە راستی گەورەترین سەرمایە لە هەرێمی کوردستان نە سەرچاوەی ژێرزەوییە نە هیچ شتێکی ترە، بەڵکوو خودی ئینسانە و، بەتایبەتی ئەو گەنجانە گەورەترین سەرمایەن بۆ نەتەوەکەمان بۆ وڵاتەکەمان و خۆشحاڵم کە خۆیان ئەو هەستەیان هەیە دەتوانن بیر لە داهێنان بکەن، بیر لە بەشدارییکردن بکەن لە پێشخستنی وڵاتەکەیان، جێی دڵخۆشییە و شانازییان پێوە دەکەین.

کوردستان24: لە پرسی بودجە کە پرسێکی زۆر گرنگە چی دەکەن بۆ ئەوەی لە جێی ئەو 13 تریلیۆنەی کە دیاریان کردووە، 30 تریلیۆن کە مافی هەرێمی کوردستانە لە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانە دابین بکرێت؟

مەسرور بارزانی: ئێمە داوای مافی خۆمان دەکەین هیچ شتێک لە مافی خۆمان زیاتر داوا نەکردووە، بەپێی دەستوور، بەپێی ئەو رێژەیەی کە هەرێمی کوردستان لە کۆی گشتی بودجەی عێراق چەندە، ئێمە داوای ئەوە دەکەین. بەپێی ئەو سەرژمێریانەی کە کراوە هەرێمی کوردستان بە بێ ناوچە تێکەڵکراوەکان یانیش ناوچە دابڕێندراوەکان، تەنیا ئەو شوێنەی ئێستا لەژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانە، بەپێی سەرژمێری14.14%ـە، کەواتە هەر بودجەیەک بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکرێ ئەبێ بەپێی ئەو رێژەیە بێت، ئیتر ئەمە لە کۆی گشتی بودجەی عێراق، ئەو رەقەمەی کە بینیم یان باس کراوە بە حەقیقەت وەکو فەرمی نەمانبیستووە کە تاکو ئێستا هیچ بڕیارێک لەسەر ئەوە درابێ. قسە هەیە، هەر یەکێک بە لایەکەوە هەوڵ دەدا بۆ ئەوەی بودجە بۆ لایەنێکی تر زیاد بکات، بەڵام ئێمە لە هەرێمی کوردستان داوای شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، مافی هەرێمی کوردستان وەکو خۆی دەکەین داوای زیاترمان نەکردووە و بەردەوامیش دەبین لە گفتوگۆداین، هەر لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیران هەم لەگەڵ لیژنەی پەیوەندیدار لە پەرلەمان و لە وەزارەتی دارایی دیسان لەگەڵ ئەوانیش شاندەکانی ئێمە لە هاتووچۆی بەردەوامدان لەگەڵ بەغدا وە قسەی پێویستیش کراوە لەسەر ئەوەی کە ئێمە بتوانیە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەکو خۆی دابین بکەین.