محەمەد شوکری: هایتێکسی 2026 جیاوازترە و بەرهەمی ناوخۆیی تێدا نمایش دەکرێت
محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند، پێشانگای هایتێکسی 2026 جیاوازتر و پێشکەوتووترە لە خولەکانی رابردوو، چونکە بەرهەمی ناوخۆیی تەکنەلۆژی، لەوانەش مۆبایلی زیرەکی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی کوردستان و سیستمی بانکی زیرەکی تێدا نمایش دەکرێت.
سێشەممە، 6ی ئۆکتۆبەری 2026، محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەشداریکردنی ئەو کۆمپانیایانەی کاری تەکنەلۆژیا و سیستمی بانکی زیرەک دەکەن بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە. ئاماژەی بەوەش کرد، بواری تەکنەلۆژیا لە جیهاندا بە خێرایی بەرەو پێش دەچێت و هەرێمی کوردستانیش دەیەوێت لە رێگەی وەبەرهێنان لە تەواوی بوارەکاندا سوود لە باشترین تەکنۆلۆژیاکانی جیهان وەربگرێت بۆ خۆشگوزەرانی هاووڵاتییان.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد کرد لە بەشێکی زۆری بوارەکاندا و هیوای خواست هەرێمی کوردستان بتوانێت لە بوارەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ، گەشتوگوزار، پەروەردە و فێرکردن، خوێندنی باڵا و تەندروستیدا زیاتر تەکنۆلۆژیا بەکاربهێنێت تا هاووڵاتییان زیاتر لێی سوودمەند بن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 6ی تشرینی یەکەمی 2026، حەوتەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی تەکنەلۆژیا (هایتێکس) لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە. هایتێکس کە لە ریزبەندی شەشەم گەورەترین پێشانگاکانی تەکنەلۆژیایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ حەوتەم ساڵی بەردەوامە بەڕێوەدەچێت.