ئاسایشی هەولێر: تەرمەکەی بانەمان رووداوی هاتوچۆ بووە و تۆمەتبارەکەش دەستگیرکرا

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر روونکردنەوەیەکی لەبارەی دۆزینەوەی تەرمی هاووڵاتییەک لەسەر رێگەی هەولێر - شەقڵاوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، رووداوەکە هاتوچۆ بووە و تۆمەتباری سەرەکیش دەستگیرکراوە.

بەگوێرەی روونکردنەوەکەی ئاسایشی هەولێر، لە رێککەوتی 4ی ئۆکتۆبەری 2026 لە رێگەی هەولێر - شەقڵاوە، لە نزیک گوندی بانەمان، تەرمی هاووڵاتییەک بەناوی (سەنعان عەبدولرەحمان تەها) دۆزرایەوە. دەستبەجێ لەلایەن تیمی تاوانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پیرمام بەدواداچوون دەستیپێکرد.

ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ئەنجامی بەدواداچوونەکاندا دەرکەوتووە ئۆتۆمبێلێکی جۆری بارهەڵگر خۆی بە هاووڵاتی (سەنعان)دا کێشاوە و دواتر تەرمەکەی لە شوێنی رووداوەکە بەجێهێشتووە و هەڵاتووە.

دوای ئاشکراکردنی ناسنامەی شۆفێری بارهەڵگرەکە، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، تۆمەتبارەکە بەناوی (گ ،س ، ص) دەستگیرکرا. لە لێکۆڵینەوە بەراییەکاندا دەرکەوتووە کە ئەم رووداوە، رووداوێکی هاتوچۆیە و لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی بەردەوامە.