ناکۆکییەکان لەسەر پڕۆژە یاسای حەشدی شەعبی توندن و بەشی درۆن بۆ دەستەکە زیاد دەکرێت
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی هێشتا لە ئەنجوومەنی وەزیرانە و چەندین گۆڕانکاری تێدا کراوە، ئەمەش دوای ئەوەی گرووپەکان لەگەڵ عەلی زەیدی سەرۆکوەزیران رێککەوتن، یەکێک لەو بڕگانەی بۆ پرۆژە یاساکە زیاد کراوە، ئەمەیە "هەموو پێکهاتەیەک لە حەشدی شەعبی بەشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەبێت، ئەرکی ئەم بەشە وەرگرتنی درۆنەکانی گرووپە چەکدارەکان دەبێت کە رادەستی دەکەن”.
جگە لەوەش ناکۆکی توند لەسەر پرۆژە یاساکە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی و عەلی زەیدی سەرۆکوەزیران هەیە، ناکۆکییەکەش لەسەر دەسەڵاتی سەرۆک وەزیرانە لەسەر تەمەنی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، لایەنەکان دەیانەوێت تەمەنی سەرۆکی دەستە پێنج ساڵ بێت و قابیلی درێژکردنەوە بێت، بەڵام زەیدی ئەوە رەتدەکاتەوە و دەیەوێت تەمەنی سەرۆکی دەستە دوو ساڵ بێت و قابیلی درێژکردنەوە نەبێت.
بیلال ناسری ئەندامی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، بە کوردستان24ی راگەیاند؛ لیژنەی چوارچێوە هەماهەنگی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان هەنگاوی باشیان ناوە تا کۆکردنەوەی چەک لەدەست دەوڵەت بەر لە 30ی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو کۆتایی بێت، داوا لە حکوومەت کراوە، سەرەتا پڕۆژە یاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمان پەسەند بکرێت تا گەرەنتی بە گرووپە چەکدارەکان و حەشدی شەعبی بدرێت کە وەک دامەزراوەیەکی فەرمیی ئەمنیی هەژمار دەکرێن.
بە گوتەی بیلال ناسر، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی پێشوازیان لەو داوایە کردووە، بەڵام ناکۆکی لەسەر ناوەڕۆکی پرۆژە یاساکەدا هەیە، بەوەی پەیکەربەندنی و ئمتیازاتەکان و شێوازی کارکردنی دەستەکە چۆن بێت.
شەوی 29ی ئەیلوول، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی پەسند کرد، بڕیارە رەوانەی پەرلەمان بکرێت، بەڵام تا ئێستا ئەنجامی کۆنکرێتی بەدەست نەهاتووە، پەسندکردنی یاساکە یەکێک لە مەرجەکانی گرووپەکان بۆ ئەوەی چەکەکانیان رادەست بکەن. پار ساڵ، ئەمریکا هۆشداری توندی بە عێراق دا لە پەسندنکردنی یاسای حەشد شەعبی و هەڕەشەی سەپاندنی سزای بەسەر عێراق کرد.