بانکی نێودەوڵەتی: بەهۆی شەڕەوە ئابووریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پاشەکشە دەکات

بانکی نێودەوڵەتی لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا پێشبینی دەکات لەمساڵدا، کۆی بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا شانبەشانی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو، بەهۆی لێکەوتە نەرێنییەکانی ململانێ و جەنگ لە ناوچەکەدا تووشی پاشەکشەیەکی بەرچاو ببێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە راپۆرتەکەی بانکی نێودەوڵەتیدا هاتووە، پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2026دا بەرهەمی ناوخۆیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بە رێژەی 2.8% پاشەکشە بکات، لە کاتێکدا لە ساڵی 2025دا گەشەی 3.4%ی تۆمارکردبوو، هاوکات پێشبینی کراوە ئابووریی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو لەمساڵدا بە رێژەی 4.3% بچووک ببێتەوە.

بەپێی راپۆرتەکە، ئەگەر گرژی و ئاڵۆزییەکان تا کۆتایی ئەمساڵ بەرەو کەمبوونەوە بچن، ئەوا ئابووریی ناوچەکە (جگە لە ئێران) بە خێرایی دەبووژێتەوە و لە ساڵی داهاتوودا گەشەکەی دەگاتە 7.8%.

راپۆرتەکەی بانکی نێودەوڵەتی ئاشکرای دەکات کە ئابووریی قەتەر بە رێژەی 20.9% پاشەکشە دەکات، کە ئەمەش لاوازترین ئاستی ئابووریی ئەو وڵاتەیە لە ماوەی زیاتر لە پێنج دەیەی رابردوودا. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت کۆی بەرهەمی ناوخۆیی لە عێراق بە رێژەی 12.4% و لە ئێران بە رێژەی 7.7% داببەزێت.

هەر لە چوارچێوەی لێکەوتەکاندا، پێشبینی پاشەکشەکردنی ئابووری لە کوێت بە رێژەی 14.6%، بەحرێن بە 2.9%، سعوودیە بە 2%، و ئیمارات بە 1.6% کراوە.

لە بەرامبەردا، ئابووریی عومان بە رێژەی 3.1% گەشە دەکات، هەروەها لە میسر لە ساڵی دارایی (2026-2027) گەشەی ئابووری دەگاتە 5.1% و بۆ ساڵی دارایی دواتر کەم دەبێتەوە بۆ 4.3%. هاوکات ئابووریی وڵاتانی مەغریب بە رێژەی 4.4%، جەزائیر بە 3.7%، ئوردن بە 2.7%، و توونس بە رێژەی 2.3% گەشە تۆمار دەکەن.

بانکی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوە کردووە، سەرهەڵدانی جەنگ بووەتە هۆی دروستبوونی شۆکێک کە هەڵبەزودابەزینی توندی لە نرخی نەوت و بازاڕەکانی وزەدا لێکەوتووەتەوە، ئەمەش بەپێی هەواڵی پەرەسەندن یان کەمبوونەوەی گرژییەکان، بەڵام روونیشی کردووەتەوە هاتنە ناوەوەی جیهان بۆ ساڵی 2026 بە بوونی زیادەی بەرهەمهێنانی نەوت، هۆکارێکی سەرەکی بووە لەوەی کاریگەریی شۆکی وزە لەسەر ئاستی جیهان تا رادەیەک سووکتر بێت.