پەیامنێری کوردستان24: مەفرەزەیەکی داعش لە حەویجە گەمارۆدراوە
پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند؛ پاش ئەنجامدانی هێرشێک بۆ سەر خاڵێکی سەربازیی حەشدی شەعبی لە سنووری قەزای حەویجە، لە ئێستادا مەفرەزەیەکی چەکدارانی داعش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گەمارۆ دراون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک؛ ئەمشەو دوو چەکداری داعش بە ماتۆڕسکیلێک هێرشیان کردووەتە سەر خاڵێکی سەربازیی فەوجی دووی لیوای 61ـی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە گوندی "بورغیلیە"ی سەر بە قەزای حەویجە، لە ئەنجامدا کامێرایەکی چاودێریی حەرارییان تێکشکاندووە و هەڵاتوون.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش کرد، دەستبەجێ دوای هێرشەکە لە ئەنجامی بەدواداچوونی خێرای هێزە ئەمنییەکان و بەپشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەکان، شوێنی مەفرەزە هێرشبەرەکەی داعش دەستنیشان کراوە.
لە ئێستادا ئەو چەکدارانەی داعش لەنێو بینای "قوتابخانەی عەریشی" لە ناوچەی دەنادیش گەمارۆ دراون، هاوکات هێزێکی زۆری ئەمنی و سەربازی لە سنوورەکە بڵاوەی پێکراوە و گەمارۆکە بەردەوامە.