حەشدی شەعبی بۆ کوردستان24: ناوچەکە ئارامەو گەمارۆی داعشمان داوە

فەرماندەی لیوای 61ی حەشدی شەعبی لە لێدوانێکی بەپەلەدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند کە دۆخی ناوچەی حەویجە ئارامە و هێزەکانیان لە ناوچەی دەنادیش گەمارۆی ئەو چەکدارانەی داعشیان داوە کە هێرشیان کردبووە سەر خاڵێکی سەربازی، هاوکات دڵنیایی دا کە هیچ زیانێکی گیانی لە هێرشەکەدا نەکەوتووەتەوە.

سێشەممە 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، شێخ عیسا سەبیل، فەرماندەی لیوای 61ی هێزەکانی حەشدی شەعبی، بە کوردستان24ـی راگەیاند: دۆخی ناوچەکە بە تەواوەتی لەژێر کۆنترۆڵدایە و ئارامە؛ هێزەکانمان بە چڕی لە تەواوی سنووری دەنادیش بڵاوەیان پێکراوە و گەمارۆی چەکدارەکانی داعشمان داوە.

فەرماندەی لیوای 61 جەختی کردەوە کە لە هێرشەکەی ئەمشەوی چەکدارانی داعشدا هیچ زیانێکی گیانی لە ریزەکانیاندا تۆمار نەکراوە، و تەنیا زیان بەر کامێرایەکی چاودێریی حەراری کەوتووە.

بەپێی زانیارییەکانی سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک، ئەمشەو دوو چەکداری داعش بە ماتۆڕسکیلێک هێرشیان کردە سەر خاڵێکی سەربازیی سەر بە فەوجی دووی لیوای 61ی حەشدی شەعبی لە گوندی بورغیلیەی سەر بە قەزای حەویجە، و دوای تێکشکاندنی کامێرایەکی حەراری بەرەو گوندەکانی دەوروبەر هەڵاتن.

دەستبەجێ دوای هێرشەکە، هێزە ئەمنییەکان بە پشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەکان شوێنپێی مەفرەزە هێرشبەرەکەی داعشیان هەڵگرت؛ ئێستاش چەکدارەکان لەنێو بینای قوتابخانەی عەریشی لە ناوچەی دەنادیش لەلایەن هێزێکی زۆری ئەمنی و سەربازییەوە گەمارۆ دراون و کێوماڵکردنی ناوچەکە بەردەوامە.