ئێران: هێرشەکانی ئەمریکا رێککەوتنی قەدەخەکردنی چەکی کیمیاییان خستووەتە مەترسییەوە
نێردەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لاهای رایگەیاند، هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سەر پیشەسازییە کیمیاییەکانی ئێران بووەتە هۆی زیان گەیاندن بە 111 دامەزراوەی پیترۆکیمیایی و دەرمان. ئەمەش کاریگەریی لەسەر دابینکردنی پێداویستییەکان و جێبەجێکردنی رێککەوتنی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی هەبووە.
هادی فەرەجوەند لە وتارێکیدا لە 113ـەمین خولی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری رێکخراوی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی گوتی "لە هێرشەکانی ئەمریکادا 60 کۆمەڵگەی پیترۆکیمیایی، 44 کارگەی دەرمان و حەوت دامەزراوەی دیکەی دەرمانسازی لە ئێران زیانیان بەرکەوتووە".
فەرەجوەند سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی هێرشەکان روونیکردەوە، ئەو زیانانە دابینکردنیان پەک خستووە و کاریگەرییان لەسەر پابەندییەکانی پەیوەست بە رێککەوتنی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی هەبووە.
نێردەی هەمیشەییی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە رێکخراوی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی جەختیکردەوە، پاراستنی دامەزراوە کیمیاییەکان لە ململانێ چەکدارییەکان بۆ مسۆگەرکردنی سەلامەتیی رێککەوتنەکە، دڵنیابوون لە بەردەوامیی چالاکییە ئاشتیخوازەکان لە بواری کیمیا و بەهێزکردنی هاریکاریی نێودەوڵەتی، گرنگییەکی زۆری هەیە.
فەرەجوەند لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا روونیکردەوە، هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئەو دامەزراوانە نیگەرانیی جیددییان لەبارەی ماددەکانی 1، 6 و 11ـی رێککەوتنی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی و ئامانجەکانی ئەو بەڵگەنامە نێودەوڵەتییە دروست کردووە.
بەپێی دەقی رێککەوتنەکە، ماددەی 1 پەیوەستە بە پابەندییە گشتییەکانی وڵاتانی ئەندام لە بواری قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی، ماددەی 6 چالاکییە کیمیاییە قەدەخەنەکراوەکان لەخۆ دەگرێت، ماددەی 11ـیش جەخت لەسەر هاریکاریی نێودەوڵەتی و گەشەپێدانی ئابووری و تەکنەلۆژی لە چالاکییە کیمیاییە ئاشتیخوازەکاندا دەکاتەوە.
فەرەجوەند باسی لە نیگەرانییەکانی ئێرانی لەبارەی پابەندبوونی ئەمریکا بە رێککەوتنی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی کرد و گوتی، ئەو نیگەرانییانە پەیوەستن بە رۆڵی واشنتن لە بەرنامەی چەکی کیمیایی ئیسرائیل و بەرنامەی ئەمریکا لە بواری چەکی کیمیایی ناکوشندە و پەکخەر.
ئەو بەرپرسەی ئێران دووپاتیکردەوە، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو دەیە، ئەو نیگەرانییانەی لەو بارەیەوە خراونەتەڕوو هێشتا بێ وەڵام و چارەسەر ماونەتەوە.
113ـەمین خولی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری رێکخراوی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی، رۆژی سێشەممە 6ـی تشرینی یەکەم لە لاهای دەستی پێ کرد و تا 9ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، ئەنجوومەنی جێبەجێکاری رێکخراوەکە کە باڵی جێبەجێکاری رێکخراوەکەیە، لە 41 وڵاتی ئەندام پێکهاتووە.