بەهۆی سوتاندنی وێنەی عەلی زەیدی و ئاڵای ئەمریکا بەرپرسێکی حەشدی شەعبی دەستگیرکرا

لایەنگران و ژمارەیەک لە چەکدارانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای بەسرە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان رێکخست و وێنەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیان سووتاند.

ئەم گردبوونەوەیە لە کاردانەوەی دەستگیرکردنی ژمارەیەک چەکداری حەشدی شەعبی بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە ئاڵای ئەمریکا لە رۆژی سەروەریی عێراق هات. ناڕەزایەتییەکە لە کۆرنیشی شەتولعەرەب لە ناوەڕاستی بەسرە بەڕێوەچوو و تێیدا ئامادەبووان داوای ئازادکردنی دەستگیرکراوەکانیان لە حکوومەتی عێراق کرد.

سەرچاوە ئەمنییەکان ئاشکرایانکردووە، شەوی رابردوو هێزێکی ئەمنی هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی مونیر عێبی، کە بەرپرسێکی حەشدی شەعبییە و بەشداربووی گردبوونەوەکەی بەسرە بووە، و دەستگیریان کردووە. تا ئێستا فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکان و دەستەی حەشدی شەعبی هیچ راگەیەندراوێکیان لەبارەی دەستگیرکردنی ئەم بەرپرسە بڵاونەکردووەتەوە.

بەشداربووانی گردبوونەوەکە، کە ژمارەیەکیان جلی سەربازی و ئایینییان لەبەردا بوو، وێنەی ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبییان بەرزکردبووەوە. موهەندیس ساڵی 2020 لە هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکا لە بەغدا کوژرا. بەشداربووان جەختیان لەوە کردەوە، بەردەوام دەبن لە گوشارەکانیان تا حکوومەت داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکات.

حەشدی شەعبی ساڵی 2014 دوای فەتوایەکی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش پێک هێنرا. ئەم هێزە دواتر بە بڕیارێکی پەرلەمانی عێراق بووە بەشێک لە هێزە چەکدارە فەرمییەکانی وڵات، بەڵام زۆرجار بەشێک لە گرووپەکانی نێو ئەو هێزە تۆمەتبار دەکرێن بە جێبەجێکردنی ئەجێندای سیاسی و دەرەکی.

هاوکات هێزە ئەمنییەکانی عێراق و سەرۆکوەزیران هەوڵ دەدەن کۆنترۆڵی ئەو گرووپانە بکەن و چەک لە دەستی دەوڵەتدا کۆ بکەنەوە بۆ پاراستنی سەقامگیریی وڵات. ئەم هەوڵانە هەندێک جار رووبەڕووبوونەوە و ناڕەزایەتیی ناوخۆیی لێ دەکەوێتەوە، بەتایبەتی کاتێک هێزە ئەمنییەکان هەڵمەتی دەستگیرکردن دژی ئەندامانی ئەو گرووپانە دەست پێ دەکەن.