وەزارەتی ناوخۆی عێراق: دەست بەسەر 90 کیلۆ ماددەی هۆشبەردا گیرا
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان لە وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، هەوڵێکی قاچاخچێتیی 90 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری جۆری حەشیشەیان لە ئاوە هەرێمییەکانی عێراق پووچەڵکردووەتەوە و سێ تۆمەتباری بیانیشیان دەستگیرکردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتییەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، ئۆپەراسیۆنەکە لەنێو دەریادا بە هاوبەشی لەگەڵ فەرماندەیی هێزی دەریایی و بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی بەڕێوەچووە. هاوکات تیمەکانی لێکۆڵینەوەی تایبەت، ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییەکان و بەشی تەکنەلۆژیای سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان لە پرۆسەکەدا بەشداربوون.
بەڕێوەبەرایەتییەکە روونیکردەوە، ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر بنەمای زانیارییەکی هەواڵگری دەستیپێکردووە کە لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێوە گەیشتووە. پاش لێکۆڵینەوە و وردبینیکردن لە زانیارییەکان و دوای رۆژێک چاودێریکردن، جووڵەی بەلەمەکەی تۆمەتباران دیاریکرا و دوای بەدواداچوون بۆ رێڕەوەکەیان، دەستگیرکران.
لە کۆتایی ئۆپەراسیۆنەکەدا دەست بەسەر 90 کیلۆگرام حەشیشەدا گیرا و سێ تۆمەتباری بیانی دەستگیرکران. هەوڵە هەواڵگری و مەیدانییەکان بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی چوارەمی هەڵهاتوو بەردەوامن، تا دەستگیر دەکرێت و رووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە.