عێراق و تورکیا لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت رێککەوتوون

عێراق و تورکیا رێککەوتنێکی یەک ساڵەیان واژۆ کرد بۆ بەردەوامیدان بە هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە رێگەی هێڵی بۆرییەوە بۆ بەندەری جیهانی تورکی، بە توانای هەناردەکردنی زۆرترین 750 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، شارەزیان و پسپۆڕان ئەوە وەک هەنگاوێک بۆ دەبینن بۆ بەردەوامی هەناردەکردنی نەوت و هەروەها وەک جێگرەوەیەک بۆ هەناردەکردن لە رێگەی گەرووی هورمز.

لەلایەن خۆییەوە سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە کوردستان24 ـی راگەیاند، ئەو رێککەوتنە بۆ جێگرەوەی گەرووی هورمز نییە، بەڵکو وەک هیڵێکی یەدەگە بۆ بەردەوامی دان بە هەناردەکردنی نەوت و هەروەها هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهان بە گوێرەی رێککەوتنی هاوبەشی نێوان عێراق و تورکیا.

گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکراشی کرد، رێککەوتنەکە لەگەڵ لایەنی تورکی کاتییە و بۆ ماوەی یەک ساڵە، بە ئامانجی دڵنیابوون لە بەردەوامبوونی هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە، تاوەکو گەیشتن بە رێککەوتنێکی درێژخایەن لە نێوان هەردوو وڵاتدا کە هاوکاری لە پڕۆژەکانی وزەدا لەخۆ بگرێت.

دەشڵێت؛ بە گوێرەی رێککەوتنەکە رۆژانە 750 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکرێت، ئەوەش پەیوەستە بە گەڕانەوەی بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان بۆ توانای تەواوی خۆی و باشتربوونی دۆخی ئەمنی.

بە گوێرەی رێککەوتنی نێوان عێراق و تورکیا رۆژانە 750 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی بۆرییەوە هەنارەی بەندەری جەیهان دەکرێت و رێککەوتنە بۆ ساڵێکە و لەو ساڵەدا هەردوولا کار بۆ ئامادەکردنی رێککەوتنێکی درێژخایەن دەکەن بە پشتبەستن بە رێککەوتنی ساڵی 1973 بۆ ئەوەی هەناردەی رۆژانەی نەوتی عێراق لە رێگەی تورکیاوە بگاتە یەک ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.