چاودێریی بازرگانیی هەولێر هۆشداری دەداتە بازرگانان
چاودێریی بازرگانیی هەولێر بۆ بازرگانان: بە بیانووی بوهای دۆلار نرخ بەرز مەکەنەوە
بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24، هۆشداریی توندی دایە سەرجەم کۆگا، بازرگان و مارکێتەکان لە گرانکردنی نرخی کاڵا و خۆراک بە بیانووی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، هاوکات دڵنیایی دایە هاووڵاتییان کە کۆگاکانی شارەکە پڕن لە پێداویستیی خۆراکی بۆ چەندین مانگ و تا ئێستاش 38 سەرپێچیکار ڕەوانەی دادگا کراون.
چوارشەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر، میوانی گەشتی هەواڵی کاتژمێر 12:00ی کوردستان24بوو ڕایگەیاند؛ لە بەیانیی زووەوە نۆ لیژنەی پشکنین بەسەر بازاڕ، کۆگا و مارکێتەکانی شاری هەولێردا دابەشکراون بۆ رێگریکردن لە هەر قۆرخکاری و گرانکردنێکی نایاسایی؛ جەختی کردەوە هەر کاڵایەک پێش بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار کڕدرابێت، دەبێت بە هەمان نرخی پێشوو بە هاووڵاتییان بفرۆشرێت و رێگە بە هیچ بازرگانێک نادرێت بە بیانووی دۆلارەوە نرخەکان لەسەر کڕیاران گران بکات.
بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی ئاشکرای کرد کە لیژنەکانیان پسوولەی کڕینی کۆگاکان و فرۆشتنی کاشێرەکان بەراورد دەکەن تا دڵنیاببنەوە لە راستیی نرخەکان. دەربارەی سزاکانیش، روونی کردەوە، لە قۆناخی رابردوودا 252 شوێن سزای دارایی دراون و ئێستاش 38 سەرپێچیکار بەهۆی گۆڕینی نرخ، فرۆشتنی کاڵای ماوەبەسەرچوو یان قۆرخکارییەوە رەوانەی دادگا کراون. بەپێی رێنماییەکان، سزای دارایی لە 50 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو پێنج ملیۆن دینار، لە پاڵ داخستنی شوێنەکە بۆ ماوەی دە رۆژ.
لەلایەکی دیکەوە، عیزەدین جەلال، بەرپرسی بەشی کۆمپانیاکان لە چاودێریی بازرگانیی هەولێر، لە نێو یەکێک لە مارکێتەکانەوە بە کوردستان24ی راگەیاند، رۆژانە بەراوردی نرخەکان دەکەن و تا ئێستا هیچ بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو لە نرخی خۆراکە سەرەکییەکاندا تۆمار نەکراوە.
بەرپرسانی چاودێریی بازرگانی داوایان لە هاووڵاتییان کرد لە کاتی بینینی هەر سەرپێچی و گرانکردنێکی نائاسایی نرخەکاندا، دەستبەجێ پەیوەندی بە هێڵە گەرمەکانی چاودێریی بازرگانی و قایمقامیەتی هەولێرەوە بکەن تاوەکو رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران بگرنە بەر.